تورکیا دەبێت دەوروبەری ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو بداتە عێراق بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە

26-03-2023 01:24

پەرەگراف

دوای ئەوەی عێراق دۆسیە یاساییەکەی لە تورکیا بردەوە لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەنقەرە دەبێت دەوروبەری ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە عێراق.

عێراق ٩ ساڵە سوورە لەسەر نایاساییبوونی هەناردەی نەتی هەرێم لەلایەن تورکیاو لە بەندەری جەیهانی ئەو وڵاتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، حکومەتی عێراق بەردەوام ئەوەی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ی نێوان عێراق و تورکیا بۆ گواستنەوەی وزە لەقەڵەمداوەو توانی دۆسیەکە لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە تورکیا بباتەوە.

بەپێی ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز، لەو دۆسیەیەدا تورکیا پابەندکراوە کە "دەوروبەری ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار" قەرەبووی عێراق بکاتەوە.

هاوکات بەپێی ماڵپەڕی میدڵ ئێست ئای، تورکیا پابەندکراوە بە پێدانی "ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بە عێراق ئەوەش وەک قەرەبووی ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨" بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە.

بەپێی سەرچاوەیەکی میدڵ ئێست ئای، تورکیا ئاسوودەیە بەو بڕیارە بەو پێیەی سزاکە زۆر کەمترە لەوەی پێشبینی دەکرا، چونکە عێراق داوای ٣٣ ملیار دۆلار قەرەبووی کردووە لە دۆسیەکەدا.

لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، دانوستانە دووقۆڵییەکان لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەردەوامن.

ڕۆژى پێنجشەممەی ڕابردوو دادگاى ناوبژیوانیى نێودەوڵەتى لە پاریس، لە بەرژەوەندیى حکومەتى عێراق بڕیارى دا بە نایاساییبوونى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەبێ ڕەزامەندیى بەغداد، پاشان تورکیا بە فەرمى حکومەتى عێراقى ئاگادر کردەوە کە پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە و لەمەودوا بەبێ ڕەزامەندیى حکومەتى فیدراڵى نەوتى هەرێم هەناردە ناکات، دوێنێ حکومەتى عێراق پاڵپشت بە بڕیارەکە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانى لە ڕێگەى بەندەرى جەیهانى تورکییەوە ڕاگرت.

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکات بە مەبەستی گەیشتنە لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری ئەو کێشە نوێیە کە بەرۆکی کابینەکەی مەسرور بارزانی گرتووەو لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش حکومەت و دەسەڵاتدارانی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند کردووەتەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە تویتێکدا وتی "ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەنی دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن".

ئەو تویتەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە کاردانەوەی ئەو ڕەخنانەدایە کە لە حکومەت و دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەگیرێن لەسەر سیاسەتی وەبەرھێنان و فرۆشتنی نەوت، بەر لەو تویتە مەسرور بارزانی لە تویتێکی دیکەدا، وتی "لەیەکتێگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی باشە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا".

هاوکات وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەبارەی بڕیارەكەی دادگای پاریسەوە دەڵێت "بڕیاری دادگای فەرەنسی لەبەرژەوەندیی حكومەتی عێراق دژی توركیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ حكومەتی بەغدا".

وەزارەتەكە جەخت دەكاتەوە كە "حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی بوودجە و نەوت وگاز گەیشتوونەتە ڕێككەوتنی سەرەتاییو لەیەكتێگەیشتنی باش". دەشڵێت "لەم چوارچێوەیەدا سەردانی بەغدا دەكەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی بابەتەكانی پەیوەندیدار".