نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد

26-03-2023 02:37

پەرەگراف

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی هەرێم سەرجەم لایەنەکان پابەند دەبن بە هاوکاریکردنی کۆمسیۆن و بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و هەموو لایەنەکانیش لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن ئاگادارن.

لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم وتی، باش نەبوونی پەیوەندیی نێوان لایەنەکان ڕانگدانەوەی خراپی هەیە، بەڵام دامەزراوە فەرمییەکان هەنگاوی جدییان ناوە لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن و لەسەر گەیشتنە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی و لایەنەکان نەوەستاون.

سەرۆکایەتی هەرێم داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکات ڕێوشوێنە یاساییەکانی تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن تەواو بکات، هەروەها داوا لە حیزبەکان دەکات ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و بەرژەوەندیی خەڵک بخەنەسەرووی بەرژەوەندیی حیزب، لە پێناو بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە کاتی دیاریکراودا.

ئەوە لەکاتێکدایە هێشتا حیزبەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی و کورسیی پێکھاتەکان و شێوازی ھەڵبژاردن و دەنگدان بە کاندیدی پێکھاتەکان ناکۆکیی سەرەکیی نێوان پارتی و حیزبەکانی دیکەیە.

نێچیرڤان بارزانی ساڵی ڕابردوو ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە پرۆسەکە ئەنجام نەدراو پەرلەمان بەبێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە بە ئامانجی ئەوەی تا کۆتایی ٢٠٢٣ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.