هەرێم و بەغداد تاوتوێی 'ڕێكار و هەنگاوی نوێ' بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەكەن

26-03-2023 05:31
کۆبوونەوەى شاندى حکومەتى هەرێم و شاندى وەزارەتى نەوتى عێراق

پەرەگراف

حكومەتی هەرێم پاش بڕیارەكەی دادگای پاریس، بە پەلە شاندێكی بەبێ‌ ئەندامێتیی گۆڕان و یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەی هەناردەی نەوتی هەرێم ناردە بەغداد. وەزیری نەوتی عێراق لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێم، باسی لە "ڕێكار و هەنگاوی نوێ‌" بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووە.

لە دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای پاریس دژی هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەكە، حكومەتی هەرێم لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ كاتژمێردا بڕیاری ناردنی شاندی دا بۆ بەغدا و ئەمڕۆ شاندەكە پاش گەیشتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری وزە كۆبووەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە كۆبوونەوەكە بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "پاش بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی، وەزیری نەوت سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێم كردووە".

وەزارەتی نەوت سەبارەت بە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ڕێكار و هەنگاوی نوێ‌ بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم كراوە، پاش بڕیارەكەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣-٣-٢٠٢٣ی دەستەی ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس".

شاندی حكومەتی هەرێم پێكاهاتووە لە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد، كە هەرسێكیان لە پشكی پارتین و هیچ وەزیر و بەرپرسێكی حکومیی یەكێتی و گۆڕان لەناو شاندەكەدا نییە.

وەزارەتی نەوتی عێراق وردەكاریی لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە و ئەنجامەكەی بڵاو نەكردووەتەوە، حكومەتی هەرێمی هێشتا هیچ ڕاگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاو نەكردووەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دادگای پاریس بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەو سكاڵایەوە دەركرد كە حكومەتی عێراق بەهۆی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بە نایاسایی لە دژی توركیا تۆماری كردبوو.

بڕیارەكەی دادگا لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراقە و نابێت چیتر توركیا بەبێ‌ ڕەزامەندیی عێراق نەوتی هەرێم هەناردە بكات. ڕاستەوخۆش دوای بڕیارەكە، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت.

توركیا بە فەرمی بە حكومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە كە پابەندی بڕیارەكە دەبێت و چیتر بەبێ‌ ڕەزامەندیی بەغداد نەوتی هەرێمی دوردستان هەناردە ناكات.