پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی پەسەند کرد؛ بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسەکە لە کەرکوک لابران

27-03-2023 11:18

پەرەگراف

دوای گفتوگۆیەکی دورودرێژ بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەناو پشێویی و ناڕەزاییەکی زۆری پەرلەمانتارانی سەربەخۆو بەشێک لە فراکسیۆنەکاندا هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسەند کرد.

پەرلەمانتارانی ناڕازیی هەوڵیاندا دانیشتنەکە پەکبخەن بەهۆی گەڕانەوە بۆ سیستمی سانتلیگۆ لە هەڵبژاردنەکەو چەند تێبینییەکی دیکە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بەرەوڕوویان وەستایەوەو هێزە ئەمنییەکانی بانگکردو ناڕازییەکانی کردە دەرەوەی هۆڵی کۆبوونەوەکە.

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، تەواوی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک هەبوون لابران و بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکریتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی هاووڵاتییانی شارەکە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەوەش دەخاتەڕوو، شارۆچکەی سەرگەڕان کە دوای ساڵی 1957 لکێندراوە بە کەرکوکەوە دیسانەوە خراوەتەوە سەر پارێزگاکە و مافی دەنگدانیان دەبێت و لە هەموارەکەدا ناویان لەسەر کەرکوک تۆمار کراوە.

لەبارەی ئەو کەسانەی مامەڵەی مادەی 140ـیان کردووە یان کاریان بۆ کردووە، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: ئەوەی مامەڵەی مادەی 140ـی کردووە یان تەنیا مامەڵەی پێشکێشکردووە مافی دەنگدانی هەیە؛ ئەوەی پێش 2003 لە کەرکوک بووە و نفووسی شارەکانی دەرەوەی کەرکوکە بووە و ساڵی 1957 راگوێزراوە، بەڵام فۆڕمی خۆراکی کەرکوکی هەیە مافی دەنگدانی هەیە.

هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی هێنراونەتە کەرکوک بە ئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان رەشکراوەتەوە، لادەبرێن و مافی دەنگ دانیان نییە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەش دەخاتەڕوو، بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک لەسەر بنەمای 32% بۆ هەر پێکهاتەیەک هەڵگیراو ئەو دەسەڵاتەش لە سەرۆکوەزیران وەرگیرایەوە کە بتوانێت هەڵبژاردن لە پارێزگایەک دوابخات کە "خەڵکانێک ئامانجیان بوو".