دیندار زێباری لە وەڵامی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا: دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان بە سیاسی کراوە

27-03-2023 02:18

پەرەگراف

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم، بۆ دووەمجار وەڵامی ڕاپۆرتەکەی ئەمریکای دایەوەو وتی: راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا "زمانحاڵی وڵاتێكی گەورەی وەک ئەمریکا نییە" لەسەر کوردستان، وەڵامی چەند دۆسیەیەکیش دەداتەوەو دەڵێت: کەیسی بادینان "بە سیاسی کراوە"، ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی گەورە و سۆشیال میدیایەکی گەورە لە پشتییەتی.

زێباری ٢٣ی ئەم مانگە لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای دایەوەو ئەمڕۆش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەبارەیەوە ئەنجامدا، ڕاپۆرتەکەی ئەمەریکا ڕەخنەی تووندی لە حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی گرتووە بەهۆی پێشێلکارییەکانیان لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و ئەنجامدانی گەندەڵی و توندوتیژی.

زێباری لە کۆنگرەکەدا ئەوەی خستەڕوو، پرسی مافی مرۆڤ لە ئەولەویاتە هەرە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمە، "هەرێم لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ سەرکەوتووە ، ئەمەش بە بەڵگە هەیە و دۆکیومێنت کراوە. ئۆپۆزسیۆن و هەندێک سایت هەلەکە دەقۆزنەوە کە گوایە رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێم بەرەو خراپی دەڕوات".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم باسی چەند دۆسیەیەکی جیاوازی کرد کە لە ڕاپۆرتەکەی ئەمەریکادا ئاماژەیان پێکراوەو وتی، لە دامودەزگاکانی کوردستاندا "بە هیچ جۆرێک رێگا بە ئەشکەنجە نادرێت و قەدەغەیە"، جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان باشترین یاسای رێکخراوی ناحکومی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەبارەت بە دۆسیەکانی رۆژنامەنووسان، دیندار زێباری ئەوەی خستەڕوو کە باس لە نزیکەی 12 بۆ 13 دۆسیە دەکرێت، بەڵام لە هەرێم نزیکەی 7 هەزار رۆژنامەنوس هەن کە ئەوەی بە دەستکەوت ناوبرد.

"باس لە کەیسی بادینان دەکرێت، وای لێهاتووە ئێمە لە هەرێم هیچ کێشەیەکمان نیە تەنها کەسی کەسێک یان دوان نەبێت، کەیسی بادینان بە سیاسی کراوە، ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی گەورە و سۆشیال میدیایەکی گەورە لە پشتییەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 85 جار لە ساڵی 2021 و 2022 سەردانی گرتوخانەکانیان کردووە، لە 70٪ مەبەستیان ئەو گروپە بووە کە لە دادگاکان حوکم دراون، بۆیە ئەمە سیاسییە".

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دیندار زێباری