
پەرەگراف
شاندی حكومەتی هەرێم لە ماوەی سێ ڕۆژدا بۆ دووەم جار گەڕایەوە بەغداد. شاندەكە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی نەوت و درێژەدان بە دانوستاندنەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، چەند "كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەسەر ئاستی باڵا" ئەنجام دەدات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت "ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ـی ئادار، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی و ئابووری، سەردانی بەغدای كردەوە و بەردەوامی بە دانووستاندنەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی دەدات".
شاندەكە پێكهاتووە لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری كە سەرۆكایەتیی شاندەكە دەكات و هەریەك لە كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكان بە وەكالەت و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەندامی شاندەكەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت "ئەم شاندەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لە بەغدا گفتوگۆ لەسەر پرسی نەوت دەكەن و درێژە بە دانووستاندنەكان دەدەن، بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، بڕیاریشە چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەسەر ئاستی باڵا ئەنجام بدرێن".
پاش بڕیارەكەی دادگای پاریس دژی هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕاگرتنی لەلایەن توركیاوە، ڕۆژی یەكشەممە 26-3-2023، حكومەتی هەرێم بە پەلە شاندێكی ناردە بەغدا و لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق كۆبووەوە.
شاندەكە هەر هەمان ڕۆژ بە دەستی بەتاڵ لە بەغداد گەڕایەوە و ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی ڕایگەیاند "نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن" بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و كەركووك بۆ بەندەری جەیهان.
وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم و كەركووك بۆ بازاڕەكانی جیهان كە نزیكەی ٥٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست پێ نەكاتەوە، ڕەنگە كاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەبێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزیری نەوت لە كۆبوونەوەكەی یەكشەممەی لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێم، باسی لە "ڕێكار و هەنگاوی نوێ" بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كردبوو.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دادگای پاریس بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەو سكاڵایەوە دەركرد كە حكومەتی عێراق بەهۆی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بە نایاسایی لە دژی توركیا تۆماری كردبوو.
بڕیارەكەی دادگا لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراقە و نابێت چیتر توركیا بەبێ ڕەزامەندیی عێراق نەوتی هەرێم هەناردە بكات. ڕاستەوخۆش دوای بڕیارەكە، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت.
توركیا بە فەرمی بە حكومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە كە پابەندی بڕیارەكە دەبێت و چیتر بەبێ ڕەزامەندیی بەغداد نەوتی هەرێمی دوردستان هەناردە ناكات.