
پەرەگراف
پارێزگاری دهۆك بە نووسراوێكی فەرمی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كرد كە ئاكرێ بكاتە پایتەختی نەورۆز.
ڕاگەیاندی پارێزگای دهۆك دەڵێت "ئەمڕۆ سێشەممە 28-3-2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك، داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد كە ئاكرێ بە پایتەختی نەورۆز دیاری بكات".
پارێزگاری دهۆك ئاماژەی بەوە كردووە، داواكارییەكەی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە نەورۆزی ئاكرێ جیاوازە و بووەتە پرس و بابەتی هەموو خەڵكی ئاكرێ، داواكارییەكەش هی خەڵكی ناوچەكەیە.
پێشوازیكردن لە نەورۆز لە قەزای ئاكرێ جیاوازە لە هەموو ناوچەكانی دیكە، ساڵانە لە ڕۆژی نەورۆزدا ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان بەجلوبەرگی كوردی و مەشخەڵی ئاگرەوە ڕیز دەبەستن و دەچنی سەر چیای ناوچەكە بۆ كردنەوەی ئاگری نەورۆز.
زۆرێك لە خەڵكی ئاكرێ بەشداریی ئەو مەراسیمە جیاوازە دەكەن و ژمارەیەكی زۆریش لە گەشتیار نەورۆزان ڕوو لە ناوچەكە دەكەن.
بڵند ڕەزا زێباری، سەرۆكی شارەوانیی ئاكرێ، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند "زیاتر لە 100 هەزار كەس" بەشداریی مەراسیمی هەڵكردنی ئاگری ئەمساڵی نەورۆزیان لە ئاكرێ كردووە و "نزیكەی 500 میوانی بیانی" بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمەكە سەردانی ئەو شارەیان كردووە.
قەزای ئاكرێ دەكەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای دهۆك و لەنێوان سێ چیادایە. خانووەكانی لەسەر یەك لە دامێنی چیاوە بەرەو سرەوە دروست كراون، ئەوەش دیمەنێكی جوانی پێ بەخشیوە.