ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بەردەوام بوون لە سەركوتكردنی مافی ئازادیی ڕادەربڕین

پەرەگراف
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا دەڵێت "هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022دا بەردەوام بوون لە سەركوتكردنی مافی ئازادیی ڕادەربڕین و گردبوونەوە".
ڕێكخراوەكە ئەمڕۆ ڕاپۆرتی خۆی دەربارەی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە جیهاندا بۆ ساڵی 2022 بڵاو كردەوە كە بەشێكی پەیوەستە بە عێراق و هەرێمی كوردستان، تێیدا ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەگرێت و دەشڵێت "هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم بە هەڕەمەكی ڕۆژنامەنووس، چالاكوان و ڕەخنەگرانیان دەستگیر و دادگایی و زیندانی كردووە".
بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە كاتێكدایە هەر لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا دوو ڕاپۆرتی دیكە ڕەخنەی توندیان لە دەسەڵاتداران و حكومەتی هەرێم گرتووە بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، بوونی گەندەڵی و بەرتەسككردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) لە وردەكاریی پێشێلكاریەكاندا لە هەرێم دەڵێت "دوو ڕۆژنامەنووس و سێ چالاكوانی سیاسی لە مانگی هەشتی 2020ـەوە دەستبەسەر كراون و لە مانگی دووی 2021 بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە سزا دراون".
ڕێكخراوەكە هەر سەبارەت بەو پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەی بادینان دەڵێت "لە ماوەی ساڵی 2022دا سێ جار مانیان لە خواردن گرت، ئەمەش وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە بەردەوامی دەستبەسەركردنیان، سەرەڕای فەرمانێك كە لە مانگی دوو لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەركرابوو بۆ ئەوەی سزاكەیان لە پێنج ساڵەوە بۆ دوو ساڵ كەم بكەنەوە".
هەر سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی هەرێم، ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت "ڕۆژی 6-8-2022، هێزەكانی ئاسایشی حكومەتی هەرێم بە گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی پلاستیك، بڵاوەیان بە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە كرد لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی دژی دواكەوتنی مووچە و نەبوونی هەلی كار".
باس لەوەش كراوە كە ئەو ڕووداوە "چەندین برینداری لێ كەوتەوە" و "هێزەكانی ئاسایش بەلایەنی كەمەوە 20 ڕۆژنامەنووسیان لە پەیوەندی بە ڕووماڵكردنی خۆپیشاندانەكە بۆ ماوەیەكی كاتی ڕاگرتووە".
"پارتی نەوەی نوێ كە بانگەوازی بۆ خۆپیشاندانەكە كردبوو، ڕایگەیاندووە، كە هێزەكانی ئاسایش دەیان ئەندامیان لە ماڵەكانیان یان لە كاتی خۆپیشاندانەكانی هەولێر و سلێمانیدا دەستگیر كردووە و پاش چەند ڕۆژێك بە كەفالەت ئازاد كراون"، ڕاپۆرتەكە وا دەڵێت.
هەر لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا، باس لە دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسێك لە مانگی نۆی 2022، دەستگیركردنی دوو ڕۆژنامەنووسی دیكەی لە مانگی 10دا كراوە.
سەبارەت بە توندووتیژی دژ بە ژنانیش، ڕێكخروی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت "لە هەرێمی كوردستاندا ڕاپۆرتەكان لەسەر كوشتنی ژنان و كچان لەلایەن كەسوكارە پیاوەكانیانەوە زیادی كردووە، كە بەشێك لەوانەش بەهۆی گۆڕینی ئایینیان، یان خۆناساندنیان وەك ژنانی ترانسجێندەر كوژراون".