كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان راگرت

29-03-2023 10:15

پەرەگراف

كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان راگرت، ئەوەش دوای ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت دێت بۆ بەندەری جەیھان بەھۆی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.

كۆمپانیای دی ئێن ئۆ، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەمڕۆ دەستیانكردووە بە داخستنی كێڵگە نەوتییەكانیان لە هەرێمی كوردستان، دوای چوار رۆژ لە ئاگاداركردنەوەیان سەبارەت بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی كاتیی بۆ بەندەری جەیهان.

دی ئێن ئۆ لە هەردوو كێڵگەی "تاوكێ" و "فیشخاپور" لە دهۆك كاردەكات لە بواری نەوت و غاز، دەشڵێت: لە بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامبوون، بەڵام توانای كۆگاكردنیان سنوردارە.

ناوەندی تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو كۆمپانیایە لە كێڵگەی "تاوكێ" و "فیشخاپور" لە ساڵی 2022 لە رۆژێكدا 107 هەزار بەرمیل بووە، كە یەك لەسەر چواری هەناردەكانی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت، هەر بەپێی راگەیەندراوی کۆمپانیاکە، بەرهەمهێنان لە كێڵگەی "فیشخاپور" شەوی رابردوو راگیرا  و داخستنی كێڵگەی "تاوكێ"ش دەستیپێكردووە، بەڵام بەهۆی زۆری بیرە نەوتەكانەوە كە نزیكەی 10 كیلۆمەتر درێژ دەبنەوە، رێكارەكان كاتی زیاتری پێویستە.

بیژەن موسافر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای دی ئێن ئۆ رایگەیاند، نیگەرانە لەوەی گەیشتوونەتە ئەم رەوشە، چونكەكاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دەبێت.