دادگای باڵای فیدڕاڵی وادەی بڕیاردانی دیاریکرد لەبارەی سکاڵاکان لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان

29-03-2023 05:53
ساتی دەنگدانی پەرلەمانتاران بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ناڕەزایی سێ پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ. ٩-١٠-٢٠٢٢. وێنە؛ ماڵپەڕی پەرلەمان

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق کۆتایی بە دادبینی ھێنا لەسەر ئەو سکاڵایانەی لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون.

دادگاکە لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا کە شەشەم دانیشتن بوو، ڕۆژی ٣-٥-٢٠٢٣ی دیاریکرد بۆ دەرکردنی بڕیار لەسەر سکاڵاکان.

"لە ھەر شەش دانیشتنی دادبینیی دادگاکە سەبارەت بەم دۆسییەیە، جگە لە جەخت کردنەوە لەسەر نادەستوری و نادیموکراتی بونی ھەرجۆرە درێژکردنەوەیەک بۆ دامەزراوە و کەسە ھەڵبژێردراوەکان، ھەوڵمان داوە گرنگیی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بەدور لە گزیکاری و تەزویر ودور لە دەستێوەردانی ھێزی چەکدار و ئەمنی بسەلمێنین" یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان کە یەکێکە لە سکاڵاكارەکان وادەڵێت.

سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت "ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بێ دەستەبەرکردنی نەزاھەت و پاکی و دروستیی دەرەنجامەکانی و قەبوڵ کردنی لە لایەن ھەموانەوە، ھیچ لە دۆخی چەقبەستوی ھەرێم ناگۆڕێت".

لە بەرانبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، سكاڵا لەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن یوسف محەمەد و سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، تۆمار كراوە.

سكاڵاكارەكان دەڵێن، درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمان خۆیەوە، نایاساییە و پێچەوانەی دەستووریشە. داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ی تایبەت بە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، كە لە ڕۆژی٩-١٠-٢٠٢٢ لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەر چوار سكاڵاكەی كردووە بە یەك و ڕۆژی ١٨-١٢-٢٠٢٢ یەكەم دانیشتنی لەوبارەیەوە ئەنجام دا.