بانکی ناوەندیی عێراق چەند رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ بەهێزکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار

30-03-2023 12:12

پەرەگراف

چەند ڕۆژێکە بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دەستی بە دابەزین کردووە، بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت چوار ڕێکاریان گرتووەتەبەر بۆ بەهێزکردنی دینار.

محەمەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندی عێراق، دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو رێوشوێنانە زۆرینەی داواکارییەکانی بازاڕی عێراقی بەدیهاتووەو نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دەستی بە دابەزینی بەردەوام کردووە.

بەوپێیەی عێراق هاوردەکاری هەموو شتێکە لە دەرەوە، قەبارەی زۆریی خواست لەسەر دۆلار وادەکات هەندێکجار بەهێز بێت بەرامبەر بە دینار، لە ئێستاشدا زۆربەی بازاڕەکان دەستیان بە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی کردووە، ئەمەش بەشدار دەبێت لە پشتگیریکردنی بەهای دیناری عێراقی.

بەرپرسەکەی بانکی ناوەندیی ئەوەش دەخاتەڕوو، هەموو هەوڵەکان بۆ پشتگیریکردنی بەهێزی دینار چڕ دەکرێنەوە ئەوەش بە؛ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، کەمکردنەوەی هاوردەکردن، کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕەکان و دەروازە سنوورییەکان.

هاوکات بانکی ناوەندیی عێراق بە نرخی فەرمیی دۆلار دەداتە کۆمپانیاو هاوردەکاران کە ١٣٢ هەزار دینارە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک، ئەوەش زیاتر لە ٢٠ هەزار دینار جیاوازیی هەیە لەگەڵ بەهای دۆلار لە بازاڕدا.