ھەولێر و بەغداد پێشنیارەکانی یەکترییان 'ڕەت کردووەتەوە' بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم

30-03-2023 05:02
سەردانی محەمەد شیاع سوودانی بۆ ھەولێرو کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، ١٤-٣-٢٠٢٣

پەرەگراف

گفتوگۆکانی ھەردوو حکومەتی ھەرێم و عێراق تائێستا نەگەیشتووە بەو ئەنجامەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم و کەرکوک بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا دەستپێبکاتەوە.

ماوەی ھەفتەیەکە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس بڕیاری داوە کە تورکیا نابێت بەبێ ڕەزامەندیی عێراق نەوتی ھەرێم ھەناردەبکات، ئەنقەرە پابەندە بە بڕیارەکەو بەوھۆیەوە بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان وەستاوە.

لەدوای ئەو بڕیارەوە دووجار شاندمی ھەرێم بە ئاشکرا سەردانی بەغدادیان کردووەو لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆبوونەتەوە، مەسرور بارزانی ومحەمەد شیاع سوودانیش بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە کردووە لەپێناو گەیشتن بە ڕێککەوتنێک تا ھەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ھەردوولا لە گفتوگۆکانیاندا پێشنیارەکانی یەکترییان ڕەت کردووەتەوە.

چەند بەرپرسێکی ئاگادار لە گفتوگۆکان دەڵێن، بەغداد پێداگری دەکات کە هەناردەکردنی نەوت تەنها لە حاڵەتێکدا دەتوانرێت دەستپێبکاتەوەکە نەوتی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بفرۆشرێت، ئەوەش دژی خواستی حکومەتی ھەرێمە کە ماوەی ٩ ساڵە بە سەربەخۆنەوتەکەی ھەناردە دەکات و دەیفرۆشێت.

ھەر ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بەھۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەردەوام بێت لە دانەوەی قەرزەکانی بە دابینکردنی نەوتی خاو کە شەش ملیار دۆلارەو پێشوەختە ئەو پارەیەی لە کۆمپانیاکان وەرگرتووە، پلانی جێگرەوەش بۆدانەوەی ئەو قەرزانە دانەنراوە.

سەرچاوەی سەرەکی داھاتی ھەرێم ھەناردەی نەوتەو بەو پارەیە مانگانە مووچەی فەرمەنبەران دابین دەکرێت، ڕۆژانە دەوروبەری ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و ٨٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک بە بۆریی ھەرێم ھەناردەی تورکیا دەکرا.

حکومەتی ھەرێم پێیوایە، بڕیاری دادگاکەی پاریس و ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت، زیان بە ئابوریی ھەرێم دەگەیەنێت و بۆلاوازکردنی کوردستانە.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی ھەرێم دەڵێت: ئێمە تەنها پشتمان بە نەوت بەستووە بۆ پێدانی مووچە، چەند دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دوابکەوێت، زیانەکە گەورەتر دەبێت و تووشی گرفتی ئابوری دەبین.

وتەبێژی حکومەت دەشڵێت: بڕیارەکەی دادگای پاریس بەشێکە لە تەحەداکردنی ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و بۆلاوازکردنی کوردستانە.