وەزارەتی کارەبا: بەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت ٣٣٠ مێگاوات كارەبا كەمی كرد

31-03-2023 02:55

پەرەگراف

وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەی گەرمیان و خورمەڵە، ٣٣٠ مێگاوات كارەبا كەمی كرد.

ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند: بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بووەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند كێڵگەیەكی كوردستان و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمی كرد.

"لەئێستادا لە وێستگەی كارەبا لە گەرمیان كە بەغازی كێڵگەی نەوتی حەسیرە كارەبا بەرهەم دەهێنێت 80 مێگاوات کارەبا كەمی كردووە و لە وێستگەی خورمەڵەش لە هەولێر بڕی 250 مێگاوات كارەبا كەمی كردووە، بەمەش 330 مێگاوات لەتۆڕی کارەبای نیشتمانی كەمی كردووە" وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا وادەڵێت.

ئومێد ئەحمەد ئەوەش دەخاتەڕوو، وەزارەتی كارەبا لە هەوڵدایە بە پشت بەستن بە كارەبای هایدرۆپاوەری هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و وێستگەكانی غازیی سلێمانی و هەولێر، قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكاتەوە.