کۆمپانیایەکی ئەمەریکی دەڵێت: یاریی کەرتی سەربەخۆی نەوتی کوردستان کۆتایی هات

31-03-2023 03:31

پەرەگراف

هێشتا هەرێم و بەغداد نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و کاریگەریی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی ڕەنگدانەوەی لەسەر دۆخی ناوخۆی کوردستان دەرکەوتووە، بەپێی کۆمپانیایەکی ئەمەریکی تایبەتمەند لە کەرتی وزە، پێدەچێت گفتوگۆکان دوو مانگ بخایەنێت.

کۆمپانیای ئێنێرجی ئینتێلجنس کە دەزگایەکی زەبەلاحی ئەمریکییەو تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر کەرتی وزە لە جیهان، بڕیاری دادگاکەی پاریس بە "کۆتاییهاتنی یاریی کەرتی سەربەخۆی نەوتی کوردستان" ناودەبات، لە ڕاپۆرتێکدا ئەوە دەخاتەڕوو، ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقیدا دەبێت، ئەوەش لێدانە لە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوەو کۆتایی ئەو سەردەمەیە.

ئێنێرجی ئینتێلجنس لە ساڵی 1951 دامەزراوە و بارەگای لە نیویۆرک، واشنتۆن، هیوستن، لەندەن، سەنگاپور، مۆسکۆ، دوبەی و بەیروت هەیە، ئاماژە بەوەش دەکات، گەشەسەندنی کەرتی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان هەندێک کەسی لە هەرێمەکە زۆر دەوڵەمەند کردووەو نەوت بە هۆکارو پاڵنەری ڕیفراندۆمەکەی ئەیلولی ٢٠١٧ ناودەبات کە بە "ڕیفراندۆمێکی بەدبەخت بۆ سەربەخۆیی" ناوی دەبات.

ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییە باس لە کاریگەرییە خراپەکانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکات بۆ بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق کە هەولێرو بەغداد لەسەری ڕێککەوتوون و بەوپێیە دەبێت لە هەرێمەوە ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکرێت، هەروەها باسلەوەش دەکات دوای بڕیارەکەی شوباتی ٢٠٢٢ی دادگای فیدراڵی عێراق لە دژی نەوتی هەرێم و فشارەکانی بەغداد بۆسەر کۆمپانیاکان تا لە کەرتی نەوتی هەرێم دووربکەونەوە، حکومەتی هەرێم بە داشکاندنی "نزیکەی ٢٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک" نەوتی فرۆشتووە.

زیاتر لە ھەفتەیەکە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس بڕیاری داوە کە تورکیا نابێت بەبێ ڕەزامەندیی عێراق نەوتی ھەرێم ھەناردەبکات، ئەنقەرە پابەندە بە بڕیارەکەو بەوھۆیەوە بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان وەستاوە.

لەدوای ئەو بڕیارەوە دووجار شاندی ھەرێم بە ئاشکرا سەردانی بەغدادیان کردووەو لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆبوونەتەوە، مەسرور بارزانی ومحەمەد شیاع سوودانیش بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە کردووە لەپێناو گەیشتن بە ڕێککەوتنێک تا ھەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوێنێ ڕایگەیاند، ھەردوولا لە گفتوگۆکانیاندا پێشنیارەکانی یەکترییان ڕەت کردووەتەوە.

چەند بەرپرسێکی ئاگادار لە گفتوگۆکان دەڵێن، بەغداد پێداگری دەکات کە هەناردەکردنی نەوت تەنها لە حاڵەتێکدا دەتوانرێت دەستپێبکاتەوەکە نەوتی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بفرۆشرێت، ئەوەش دژی خواستی حکومەتی ھەرێمە کە ماوەی ٩ ساڵە بە سەربەخۆنەوتەکەی ھەناردە دەکات و دەیفرۆشێت.

ھەر دوێنێ ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بەھۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەردەوام بێت لە دانەوەی قەرزەکانی بە دابینکردنی نەوتی خاو کە شەش ملیار دۆلارەو پێشوەختە ئەو پارەیەی لە کۆمپانیاکان وەرگرتووە، پلانی جێگرەوەش بۆدانەوەی ئەو قەرزانە دانەنراوە.

ئەمڕۆش وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەی گەرمیان و خورمەڵە، ٣٣٠ مێگاوات كارەبا كەمی كردووە.

ئەو دۆخە لەکاتێکدایە سەرچاوەی سەرەکی داھاتی ھەرێم ھەناردەی نەوتەو بەو پارەیە مانگانە مووچەی فەرمەنبەران دابین دەکرێت، ڕۆژانە دەوروبەری ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و ٨٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک بە بۆریی ھەرێم ھەناردەی تورکیا دەکرا.

حکومەتی ھەرێم پێیوایە، بڕیاری دادگاکەی پاریس و ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت، زیان بە ئابوریی ھەرێم دەگەیەنێت و بۆلاوازکردنی کوردستانە.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی ھەرێم دەڵێت: ئێمە تەنها پشتمان بە نەوت بەستووە بۆ پێدانی مووچە، چەند دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دوابکەوێت، زیانەکە گەورەتر دەبێت و تووشی گرفتی ئابوری دەبین.

وتەبێژی حکومەت دەشڵێت: بڕیارەکەی دادگای پاریس بەشێکە لە تەحەداکردنی ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و بۆلاوازکردنی کوردستانە.