عێراق شاندێک ڕەوانەی تورکیا دەکات بۆ گفتوگۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

01-04-2023 03:56

پەرەگراف

شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی تورکیا دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوان هەولێرو بەغداد بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرسە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری وتووە، شاندی عێراق بەمزوانە دەگاتە ئەنقەرە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ.

وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت ڕەتنەکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەلایەن تورکیاو هەرێمی کوردستان بە "سەرەتایەکی نوێ" ناودەبات لە پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.

"نەوت لەژێر دەسەڵاتی خۆماندایە ئەوە لە هەموو شتێك گرنگترە" عاسم جیهاد وادەڵێت، ئەوەش دەخاتەڕوو، بەغداد ئامانجی ئەوەیە میكانیزمی نوێ‌ بۆ هەناردەی نەوت دابنرێت كە لەژێر كۆنتڕۆڵی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆدا بێت، بەڵام ئێستا نەگەیشتونەتە چارەسەرێكی مامناوەندو جێی پەسەندی هەردوولا لەگەڵ حكومەتی هەرێم.

بەپێی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان باسی دۆسیەی نەوت و گازیان کردووە،  سوودانی گوتوویەتی "هەر ڕێككەوتنێك لەبارەی هەناردەكردنی غازی كوردستان بكرێت بۆ توركیا پێویستە بە ڕێككەوتن و ڕەزامەندی بەغداد بێت".

زیاتر لە ھەفتەیەکە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس بڕیاری داوە کە تورکیا نابێت بەبێ ڕەزامەندیی عێراق نەوتی ھەرێم ھەناردەبکات، ئەنقەرە پابەندە بە بڕیارەکەو بەوھۆیەوە بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان وەستاوە.

لەدوای ئەو بڕیارەوە دووجار شاندی ھەرێم بە ئاشکرا سەردانی بەغدادیان کردووەو لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆبوونەتەوە، مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانیش بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە کردووە لەپێناو گەیشتن بە ڕێککەوتنێک تا ھەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

ئەو دۆخە لەکاتێکدایە سەرچاوەی سەرەکی داھاتی ھەرێم ھەناردەی نەوتەو بەو پارەیە مانگانە مووچەی فەرمەنبەران دابین دەکرێت، ڕۆژانە دەوروبەری ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و ٨٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک بە بۆریی ھەرێم ھەناردەی تورکیا دەکرا.

حکومەتی ھەرێم پێیوایە، بڕیاری دادگاکەی پاریس و ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت، زیان بە ئابوریی ھەرێم دەگەیەنێت و بۆلاوازکردنی کوردستانە.