ڕاوێژکاری مەسرور بارزانی بۆ وزە: ھەولێر و بەغداد ڕێککەوتن، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم دەستپێدەکاتەوە

02-04-2023 01:49

پەرەگراف

ڕاوێژکاری مەسرور بارزانی بۆ وزە ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ھەرێم ئاشکرا دەکات لەسەر پرسی نەوت و دەڵێت، لە چەند کاتژمێری داھاتوودا نەوتی ھەرێم ھەناردەی دەرەوە دەکرێت.

د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ وزە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وت "لە پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراقدا ھاتووە پێویستە عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان بکات و لەوەش ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمە  و ٧٠ دۆلار بۆھەر بەرمیلێک مەزەندەکراوە، زیاتر ٧٥ ھەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوتی کەرکووکیش بە بۆریی ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکرێت".

راوێژکارەکەی سەرۆکی حکومەت دەشڵێت "رێککەوتنی ھەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت کراوە و نوێنەری ھەرێم لە کۆمپانیای سۆمۆ دەبێتو پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای ناوبراو دەدرێتە کورد، هاوکات ژمارەیەک بەڕێوەبەری کوردیش لە سۆمۆ دەبن بۆ چاودێری پرۆسەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم، بڕیارە لەچەند کاتژمێری داھاتوو نەوتی ھەرێم ڕەوانەی دەرەوە بکرێت، چونکە ئەگەر نەوتی ھەرێم ڕابگیرێت عێراق  ٣٧ ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت".

بێوار خنسی ئەوەش دەخاتەڕوو، فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم، "رێککەوتنی حکوومەتی ھەرێم لەسەر پرسی نەوت بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە، ئەمە سیاسەتی سەرۆکی حکوومەتە و ئەوانەی دوێنێ ڕەشبین بوون سبەی گەشبین دەبن لەبارەی پڕۆسەی نەوتەوە".

زیاتر لە ھەفتەیەکە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس بڕیاری داوە کە تورکیا نابێت بەبێ ڕەزامەندیی عێراق نەوتی ھەرێم ھەناردەبکات، ئەنقەرە پابەندە بە بڕیارەکەو بەوھۆیەوە بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان وەستاوە.

لەدوای ئەو بڕیارەوە دووجار شاندی ھەرێم بە ئاشکرا سەردانی بەغدادیان کردووەو لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆبوونەتەوە، مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانیش بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە کردووە لەپێناو گەیشتن بە ڕێککەوتنێک تا ھەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

ئەو دۆخە لەکاتێکدایە سەرچاوەی سەرەکی داھاتی ھەرێم ھەناردەی نەوتەو بەو پارەیە مانگانە مووچەی فەرمەنبەران دابین دەکرێت، ڕۆژانە دەوروبەری ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و ٨٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک بە بۆریی ھەرێم ھەناردەی تورکیا دەکرا.

حکومەتی ھەرێم پێیوایە، بڕیاری دادگاکەی پاریس و ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت، زیان بە ئابوریی ھەرێم دەگەیەنێت و بۆلاوازکردنی کوردستانە.