دەزگای ئاسایشی هەرێم: تەقەكردنەكەی سلێمانی لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی بووە

02-04-2023 02:45

پەرەگراف

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە شەڕە تەقەی نێوان پاسەوانەكانی هاوڕێ‌ مەلا ستار و پاسەوانەكانی پرۆژەی شاری دایك، دەڵێت "لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی بووە، هەردوو لایەنی تەقەكەر دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شاری دایك لە سلێمانی، شەڕە تەقە ڕووی دا و دوو پاسەوانی ھاوڕێ مەلاستار، پەرلەمانتاری یەكێتی بریندارن كە برینی یەكێكیان سەختە. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "10 بۆ 15 چەكدار بە مەبەستی كوشتن تەقەیان لە پاسەوانەكانم كردووە". لایەنی بەرامبەریش دەڵێت "پاسەوانەكانی پەرلەمانتارەكە لە تەقەكردندا دەستپێشخەرییان كردووە".

پەرەگراف چەند جارێك پەیوەندیی بەو پەرلەمانتارە و بەرپرسانی پڕۆژەی شاری دایك كرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "كاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ لە نزیك پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی، لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی ڕووداوی تەقەكردن لە نێوان چەند كەسێك ڕوو دەدات، لە ئەنجامدا دوو كەس بریندار دەبن و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەكرێن".
دەربارەی ڕووداوەكە، هاوڕی مەلا ستار بۆ ڕووداو وتی "من لە ماڵەوە بووم، لە كاتێكدا كە پاسەوانەكانم بەدوای مندا هاتوون و ئاگایان لە هیچ نەبووە، كەمینیان بۆ دانراوە و لەناكاو 10 بۆ 15 چەكدار تەقەیان لێ‌ كردوون".

ئەو پەرلەمانتارە جەختی كردەوە كە "بۆ كوشتن تەقەیان لە پاسەوانەكانم كردووە و هەموو فیشەكەكان بەر جامی سەیارەكە كەوتوون، فیشەك بەر سەر و قۆڵیان كەوتووە".

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی، ڕایگەیاند "دوو بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و برینی یەكێكیان سەختە كە گوللـە بەر سەری كەوتووە".

هاوڕێ‌ مەلا ستار گومانی وایە كە ویستراوە خودی خۆی بكەنە ئامانج و وتیشی "پاسەوانەكانم لەگەڵ خۆم فەرقیان نییە، ئەگەر دەزگا ئەمنی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە زوویی تۆمەتبارەكان دەستگیر نكەن، ڕێكاری تر هەیە بیگرینە بەر".

لە بەرانبەردا، سامان حاجی فایەق، خاوەنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی شاری دایك، بە ڕووداوی وتووە "سەرەتا پاسەوانەكانی ئەو پەرلەمانتارە تەقەیان كردووە و پاسەوانەكانی پرۆژەكە وەڵامیان داونەتەوە".

پەرلەمنتارەكەی یەكێتی ڕەتی كردەوە كە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كۆمپانیا و خاوەنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی دایك هەبێت و دەڵێت "لە ماوەی ڕابردوودا من كارم لەسەر وەبەرهێنی چاوچنۆك و دز و گەندەڵ كردووە، ئەم كۆمپانیایەش كە تەقەیان لە پاسەوانەكانم كردووە، لە چوارچێوەی ئەو كۆمپانیا گەندەڵانەدایە كە ئەم وڵاتەیان قۆرغ كردووە".

بەڵام خاوەنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی شاری دایك دەڵێت "پێشتر ئەو پەرلەمانتارە داوای كردووە لە كڕینی شوقەی پرۆژەكە داشكاندنی بۆ بكرێت، كە داواكەی ڕەت كراوەتەوە، كێشەی دروست كردووە و ئەمڕۆیش هاتوونەتە سەر پرۆژەكە".