بافڵ تاڵەبانی: كۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بچێتە یەك خەزێنەوە

02-04-2023 04:36

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، پاڵپشتی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەكات و بە بڕیارە دروستەكە ناوی دەبات. داواش دەكات "كۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بچێتە یەك خەزێنەوە".

بافڵ تاڵەبانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "دوای بڕیارەكەی دادگای پاریس و ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی توركیاوە، لەپێناو داهاتووی میللەتەكەمان و ڕێگریكردن لە دروستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە، كاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەكە بدرێت".

بڕیارە دروستەكە لای سەرۆكی یەكێتی ئەوەیە كە "كۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی كوردستان بفرۆشێت و كۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بچێتە یەك خەزێنەوە".

"پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و داهاتی عێراق دیاری بكرێت، مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم گەرەنتی بكرێت. ‎سیستەمی بەنزین، نەوت و گازوایلی هەرێمی كوردستان ببەسترێتەوە بە عێراق و بە هەمان نرخ بدرێتەوە بە هاووڵاتیان" بافڵ تاڵەبانی وا دەڵێت.

هەروەها سەرۆكی یەكێتی پێشنیار دەكات كە "نوێنەری هەرێمی كوردستان لە كۆمپانیای سۆمۆ و كۆی سیستەمی نەوت و غازی عێراق هەبێت و بەشێك بێت لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان".

بافڵ تاڵەبانی جەخت دەكاتەوە كە "هەنگاوی لۆژیكی و بەرپرسیارانە" ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دەستەبەركردنی مافەكانی هەرێمی دوردستانە و دەشڵێت "یەكێتی ڕووبارێك خوێنی لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی كوردستان ڕشتووە و هیچ هێز و لایەنێك لە خۆمان بە دڵسۆزتر نازانین بۆ كوردستان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی".

"ناكۆكییە ناوخۆییەكان و تاكڕەوی، قەوارەكەمان لاواز دەكات و هەرێمەكەمان دەخاتە مەترسییەوە، نەك كاری هاوبەش و داواكردنی مافەكانمان لە بەغدا"، سەرۆكی یەكێتی وا دەڵێت.