وەزارەتی نەوتی عێراق: نەرمیمان نواندووەو پەرۆشین بۆ خێرا دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم

02-04-2023 06:49

پەرەگراف

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پەرۆشن بۆ بەخێرایی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش نەرمییان نواندووە لە گفتوگۆکانیاندا.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەش دەخاتەڕوو، کاردەکەن بۆ نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان دەکەن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت شێوازێکی نوێ، پاشان گفتوگۆ لەسەر پرسە تەکنیکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان دەکەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی نەوتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە پێویست دەزانێت لە پێناو بودجەی فیدراڵی، دەشڵێت، هەر کاتێک گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی هەناردەی نەوت، ڕایدەگەیەنن.

زیاتر لە ھەفتەیەکە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس بڕیاری داوە کە تورکیا نابێت بەبێ ڕەزامەندیی عێراق نەوتی ھەرێم ھەناردەبکات، ئەنقەرە پابەندە بە بڕیارەکەو بەوھۆیەوە بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان وەستاوە.

لەدوای ئەو بڕیارەوە دووجار شاندی ھەرێم بە ئاشکرا سەردانی بەغدادیان کردووەو لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆبوونەتەوە، مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانیش بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە کردووە لەپێناو گەیشتن بە ڕێککەوتنێک تا ھەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

ئەو دۆخە لەکاتێکدایە سەرچاوەی سەرەکی داھاتی ھەرێم ھەناردەی نەوتەو بەو پارەیە مانگانە مووچەی فەرمەنبەران دابین دەکرێت، ڕۆژانە دەوروبەری ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و ٨٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک بە بۆریی ھەرێم ھەناردەی تورکیا دەکرا.

حکومەتی ھەرێم پێیوایە، بڕیاری دادگاکەی پاریس و ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت، زیان بە ئابوریی ھەرێم دەگەیەنێت و بۆلاوازکردنی کوردستانە.