پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە

03-04-2023 03:21

پەرەگراف

هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە لەسەر دۆسیەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن کۆدەبنەوە.

سەرچاوەیەک لە دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی بە پەرەگرافی وت، بڕیارە کۆبوونەوەکە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە لە هەولێر ئەنجام بدرێت.

بە وتەی سەرچاوەکە، هێشتا ناکۆکیی سەرەکییان لەگەڵ پارتی، کورسیی پێکهاتەکان و میکانیزمی دەنگدانی پێکهاتەکانە بە کاندیدەکانیان، وتیشی "ئێمە سوورین لەسەرئەوەی میکانیزمێک دیاری بکرێت کاندیدی پێکهاتەکان نوێنەرایەتی هەقیقی پێکهاتەکان بکەن نەک داردەستی حیزبەکان بن وەک ئەوەی لە ڕابردوودا سەرجەم ١١ پەرلەمانتارەکەی پێکهاتەکان سەربە پارتی بوون، بۆئەوەش پێشنیاری نوێمان هەیەو دەیخەینەڕوو".

سەرچاوەکەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی وتیشی "دەبێت کورسیی پێکهاتەکان دابەشی سەر بازنەکانی هەڵبژاردن بکرێت و پێکهاتەکان میکانیزمی جیاوازی دەنگدانیان هەبێت".

ئەوە لەکاتێکدایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووەو داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە هاوکارو هەماهەنگ بن بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لەو وادەیەدا.

سەرباری فشارە ناوخۆییەکان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا کە هەرێمی کوردستان بە هاوپەیمان و دۆست لە قەڵەمیان دەدات، فشار دەکەن و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن لە وادەی خۆیدا.

سەرۆکایەتی هەرێم داوای لە پەرلەمانی کوردستان کردووە ڕێوشوێنە یاساییەکانی تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن تەواو بکات، هەروەها داوا لە حیزبەکان دەکات ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و بەرژەوەندیی خەڵک بخەنەسەرووی بەرژەوەندیی حیزب، لە پێناو بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە کاتی دیاریکراودا.

نێچیرڤان بارزانی ساڵی ڕابردوو ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە پرۆسەکە ئەنجام نەدراو پەرلەمان بەبێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە بە ئامانجی ئەوەی تا کۆتایی ٢٠٢٣ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.