باڵیۆزی ئێران ناوەرۆكی ڕێككەوتنی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق دژی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ‏ڕۆژهەڵات ئاشكرا دەكات

03-04-2023 11:25

پەرەگراف

باڵیۆزی ئێران لە بەغداد جەخت لەسەر ڕۆڵی حكومەتی ناوەندیی عێراق لە پاراستنی سنوورەكان ‏لەگەڵ ئێران دەكاتەوە، لەوبارەیەشەوە ناوەرۆكی ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغداد ئاشكرا ‏دەكات كە ڕەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوكێیی ئێران دەربارەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو خاكی هەرێم ‏لەخۆ دەگرێت.‏

لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تەلەفزیۆنی عێراقییە، محەمەد كازم سادق، باڵیۆزی ئێران لە ‏بەغداد، باسی لە سەردانەكەی عەلی شامخانی، سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ‏ئێران بۆ عێراق كرد، كە چەندین دانیشتن و گفتوگۆیان لەگەڵ حكومەتی عێراقی و یەكێتی و پارتیش ‏ئەنجام داوە و ڕێككەوتن كراوە.‏

باڵیۆزی ئێران ڕایگەیاند، خاڵێكی ڕێككەوتنەكە تایبەت بووە بەو هێزە چەكدارە كوردییانەی ئێران كە ‏لە هەرێمی كوردستان بارەگایان هەیە. حكومەتی ئێران داوا دەكات كە "پێناسەیەكی دیاریكراویان بۆ ‏بكرێت لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا، كە ئایا ئەوان لە عێراقدا ئاوارەن، یاخود نا، گەر ئاوارەن چ پێویست ‏بە پڕچەككردن و ڕاهێنانپێكردنیان دەكات".‏

وەكوو باڵیۆزی ئێران لە بەغداد ئاشكرای كردووە، خاڵێكی دیكە ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و ‏عێراق تایبەتە بە بابەتی ئاڵوگۆڕی تۆمەتبارانی هەردوو وڵات.‏

محەمەد كازم دەشڵێت "گرنگترین خاڵی ڕێككەوتنامەكە كە بەندی یەكەمە، كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكانی ‏عێراقە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە". جەختیشی كردەوە كە تاران پێی وایە "عێراق یەك وڵاتە و ‏ناكرێ دابەش بكرێت، پێویستە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بەڕێوە ببرێ".‏

ڕۆژی 19ی ئەم مانگە عەلی شامخانی، سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ‏سەردانی بەغدای كرد بۆ "واژووردنی بەڵگەنامەی هاوكارییە ئەمنییەكان، رەواندنەوەی هەندێ كێشەی ‏ئەمنی و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان" لە نێوان ئێران و عێراق.‏

ماڵپەڕی نوورنیوزی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هەمان ڕۆژ بڵاوی كردەوە، ‏واژووكردنی بەڵگەنامەی هاوكارییە ئەمنییەكان "ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی دەبێت لە نەهێشتنی چەكدارە ‏دژە شۆڕشەكان (مەبەست لێی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانە) و دەستوپەیوەندەكانی زایۆنی لە ‏سنوورەكانی باكووری ڕۆژئاوای ئێراندا".‏

ساڵانێكە ئێران تۆپباران و مووشەكبارانی بنكە و بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ‏لەناو خاكی هەرێم دەكات و چەندین جاریش لەسەر ئاستی باڵا هۆشدارییان داوەتە بەرپرسانی هەرێم و ‏عێراق، بەم دواییانەش هێرشەكان چڕتر و هەڕەشەكان جیددیتر بوون، سەرئەنجام بەرپرسانی هەردوو ‏لا هاتنە سەر خەت.‏

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی 22ی ئەم مانگە ڕایگەیاند "لە چەند مانگی ‏ڕابردوودا لە چوارچێوەی لیژنەی باڵای ئەمنیدا، گفتوگۆی گرنگمان لە بەغدا و تاران هەبووە، ئەوەش ‏بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گرووپەكانی جێگیر لە هەرێم".‏

دواتریش وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی كردەوە كە "كۆماری ئیسلامی بوونی پارتەكانی دژ بە خۆی ‏لە هەرێمی كوردستان قبووڵ ناكات، دەبێت بنكە و بارەگاكانیان و بنكەكانی ڕاهێنانیان دابخرێن".‏