مەسرور بارزانی و سوودانی ڕێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێميان واژوو كرد

04-04-2023 02:25

پەرەگراف

مەسرور بارزانی بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا گەیشتە بەغداد و لەگەڵ ‏محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕێككەوتنێكی واژوو كرد بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە. ڕۆیتەرز دەڵێت "ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەست پێ‌ ‏دەكاتەوە".‏

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە كە "ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان و حكومەتی ناوەندیی عێراق ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان واژوو دەكەن".‏

ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراقەوە ئاشكرا كردووە كە ‏‏"لەلایەن حكومەتی عێراقەوە داوایەكی فەرمی ئاراستەی توركیا كراوە بۆ ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و كەركووك، لە چەند ‏كاتژمێری داهاتوویشدا هەناردەكردنی نەوت دەست پێ دەكاتەوە".‏

پاش بەڕێكەوتنی بەرەو بەغداد، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە تویتێكدا وتی ‏‏"بەڕێگاوەم بەرەو بەغدا، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی قۆناغەكانی كۆتایی ‏ڕێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت".‏

فەرمانگەی میدا و زانیاریی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت "سەرۆكوەزیرانی ‏هەرێم لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی كۆدەبێتەوە. گفتوگۆ لەبارەی قۆناغی ‏كۆتایی ڕێككەوتنی دۆسیەی نەوت و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی ‏هەرێمی كوردستان دەكرێت".‏

هەریەك لە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و ئاوات ‏شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی ‏وەزیران و فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد، ‏ئەندامی شاندەكەی هەرێمن.‏