نێچیرڤان بارزانی: بڕیارەكەی دادگای پاریس دەرفەتێكی باشە بۆ چارەسەری ‏كێشەی نەوت

04-04-2023 02:34

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەڵێت "دوای لێكەوتەكانی ‏بڕیارەكەی دەستەی ناوبژیوانی لە پاریس، ئەمڕۆ ئێمە پێمان وایە ئەو بڕیارە ‏دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی هەولێر و بەغداد چارەسەرێكی یەكجارەكی بۆ ‏كێشەی نەوت دابنێن".‏

سەرۆكی هەرێم لە ڕێوڕەسمی پێكهێنانی فیرقەی یەك و دووی هێزی ‏پێشمەرگەی كوردستان باسی لە بڕیارەكەی دادگای پاریس كرد و پێی وابوو كە ‏‏"بڕیارەكە مافی دەستووریی هەرێمی كوردستانی لە دۆسیەی نەوتدا سەلماندووە، ‏بۆیە ئێستا هەمووان دەتوانین بگەینە چارەسەرێك كە هەموان تێیدا براوە ‏بن".‏

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد كە لە دوای پەسەندكردنی ‏دەستووری عێراقەوە، هەرێمی كوردستان بەردەوام داوای دەرچوواندنی یاسای ‏نەوت و گازی عێراقی كردووە و وتی "تەنیا ئەم یاسایە دەتوانێت ماددەی ‏‏112ی دەستوور بە باشی ڕێك بخات".‏

نێچیرڤان بارزانی جەختی كردەوە كە ئێستاش داوا دەكەن ئەو فیدراڵیەتەی لە ‏دەستووردا چەسپێندراوە، لە یاساكانی عێراقدا ڕەنگ بداتەوە، بۆ ئەوەی ‏‏"بەڕێوەبردنی وڵات بە كردەوە لە ناوەندییەوە ببێتە فیدراڵی".‏

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەیشی بە سەردانەەی ئەمڕۆی مەسرور ‏بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد كرد و وتی "پێمان وایە باشترین ‏چارەسەر، چارەسەری ناوخۆی عێراقییانەیە و گەشبینم كە بگەینە ‏ڕێككەوتن".‏

نێچیرڤان بارزانی لە وەسفی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی ‏عێراقیشدا وتی "لە گفتوگۆی نێوانماندا واقیعبینی و ویستی زۆری بۆ ‏چارەسەری كێشەكان نیشان داوە، ئەم تێڕوانینەی ئەو وای كردووە كە ئێمە لە ‏هەرێمی كوردستان پشتیوانیی بەڕێزیان بكەین".‏