مەسرور بارزانی: ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم داهاتی عێراق زیاتر دەکات

04-04-2023 04:01
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئەمڕۆی سوودانی و مەسرور بارزانی.

پەرەگراف

هەولێرو بەغداد بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیان واژۆ کرد، ڕێککەوتنەکە کاتییەو دەبێتە بنەمایەک بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق کە چاوەڕێدەکرێت ئەو یاسایە کێشەکان چارەسەر بکات.

هەرچەندە هیشتا بە فەرمیی ڕێککەوتنەکەو ماددەکانی بۆ ڕاگەیاندنەکان نەخراوەتەڕوو، بەڵام پێشتر پەرەگراف ئاشکرایکرد بەپێی ڕێککەوتنەکە نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هەناردە دەکریت و لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە کورد دەدرێت، داهاتی نەوتەکەش دەچێتە هەژمارێکی بانکیی کە حکومەتی هەرێم دەسەڵاتی مامەڵەپێوەکردنی دەبێت و بەغداد چاودێریی دەکات.

دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەم رێککەوتنە گرنگە، هیوادرام ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ببێتەهۆی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وتیشی: دوای راوەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان تەنها بە خەڵکی هەرێم نەگەیشتووە، بەڵکو بە هەموو خەڵکی عێراق گەیشتووە، "ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم داهاتی عێراق زیاتر دەکات و هەموومان تێیدا سوودمەند دەبین. دڵنیام ئەم ڕێککەوتنە وەکخۆی جێبەجێ دەکرێت و هیوادارم تیمە هونەرییەکان بە خێرایی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن".

لایخۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە هەمانشێوە ڕێککەوتنەکەی بە گرنگ بۆ داهاتی عێراق و بودجەی ٢٠٢٣ ناوبردو وتی، وەستانی هەناردەی نەوت زیان لە کۆی داهاتی عێراق دەدات و کاردانەوەی دەبێت لەسەر کورتهێنانی بوودجە، ڕێککەوتنەکە مەترسییەکان لەسەر بوودجە کەمتر دەکاتەوەو کاریگەری لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەی بوودجە دەکات لە پەرلەمان.

محەمەد شیاع سوودانی وتیشی "یاسای بوودجە ڕوونە کە چارەسەری سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکات لە نێوان هەردوولا".