چەند بڕیارێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەربارەی خوێندی ماستەر و دكتۆرا و دبلۆمی باڵا

05-04-2023 02:55

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارەیەك بڕیاری سەبارەت بە خوێندی باڵا بۆ ساڵی 2023 – 2024 دەركرد. یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان كە دانەمەزراون، لە تەواوی كرێی خوێندنی ساڵانە بۆ ماستەر بە ڕێژەی (١٠٠%) دەبەخشرێن.

هەروەها كەسوكاری پلە (١) ی شەهیدان و ئەنفالكراونی هەرێمی كوردستان لە كاتی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر، دكتۆرا و دبلۆمی باڵا) لە زانكۆ حكومییەكان، كورسیی خوێندنیان لە دەرەوەی پلان بۆ تەرخان دەكرێت، بە مەرجی دەرچوون لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی.

ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری داوە بە دابینكردنی كورسیی خوێندن لە دەرەوەی پلانی پەسەندكراو بۆ نابینایان بە ڕێژەی (١٠٠%) لەگەڵ خاوەن پێداویستیی تایبەت، بە مەرجی دەرچوون لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی.

دەقی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا:

١. ‎دامەزراندنی سەنتەری ڕاوێژكاری خوێندكاران/ قوتابیان لە سەرجەم لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان، كە ئامانج لە دامەزراندنی ئەم سەنتەرانە بریتیە لە پشتیوانی كردن و ڕێنوێنی كردنی خوێندكاران/ قوتابیان لە ڕووی ڕێنوێنی یاسایی و دەرونی و پەروەردەیی و چارەسەركردنی گرفتەكانیان، ئەم سەنتەرە ڕاوێژكارییە تەنیا تایبەت دەبێت بە كاروباری قوتابیان و خوێندكاران و كەسێك بە پلەی بەڕێوەبەر بەڕێوەی دەبات.

٢. ‎یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆ حكومیەكانی هەرێمی كوردستان كە دانەمەزراون، لە تەواوی كرێی خوێندنی ساڵانە بەڕێژەی (١٠٠%) دەبەخشرێن ئەگەر هاتوو لە خوێندنی ماستەر لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤) وەرگیران.

٣. ‎كەسوكاری پلە (١)ی شەهیدان و ئەنفالكراونی هەرێمی كوردستان لە كاتی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر، دكتۆرا، دبلۆمی باڵا) لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، كورسی خوێندنیان لە دەرەوەی پلان بۆ تەرخان دەكرێت بە مەرجی دەرچوون لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی، هەروەها لەكاتی دەرچوون و وەرگیرانیان لە خوێندن، ناوبراوان مۆڵەتی خوێندنیان لە دەرەوەی پلانی پەسەندكراو پێ دەدرێت و ناچنە كێبڕكێی پلانی مۆڵەتی خوێندن لە سەرجەم دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

٤. نابینایان بە ڕێژەی (١٠٠%) لەگەڵ خاوەن پێداویستی تایبەت، لە كاتی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر، دكتۆرا، دبلۆمی باڵا) لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، كورسی خوێندنیان لە دەرەوەی پلانی پەسەندكراو بۆ تەرخان دەكرێت بە مەرجی دەرچوون لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی.

٥. تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر، دكتۆرا، دبلۆمی باڵا) لەلایەن زانكۆكان ئەنجام دەدرێت كە پێویستە ڕەچاوی بنەماكانی دادپەروەری و شەفافیەت و یەكسانی بكرێت و دوور لەهەر مەنسوبیەت و مەحسوبیەتێك پرۆسەكە چاودێری و جێبەجێ بكریت.

٦. فەرمانبەرانی دامەزراوی حكومی ئەگەر هاتوو تا رێكەوتی ١-٩-٢٠٢٣ دوو ساڵ بەسەر خزمەتی كردەكی لە راژە پاش وەرگرتنی دوایین بروانامەی پەسەندكراو تێپەربێت، بۆیان هەیە داواكاری پێشكەش بكەن بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر یان دكتۆرا).

٧. ‎ئەنجومەنی وەزارەت جەختی كردەوە كە پرۆسەی خوێندنی باڵا (دكتۆرا و ماستەر و دیبلۆمی باڵا) لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان ساڵانە بكرێتەوە، تاوەكو دەرفەت بۆ پێشكەشكاران بڕەخسێندرێت درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن.

٨. ‎ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە دروستكردنی كارتی زیرەك (سمارت كارت) بۆ سەرجەم خوێندكاران و قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ بە ئەلكترۆنی كردن و ئاسان جێبەجێكردنی كاروبارە دارایی و كارگێرییەكانی قوتابیان و خوێندكاران.