پارتی: لەگەڵ یەكێتی لەسەر كۆی ئەو خاڵانەی كە پێویستن بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ڕێككەوتوون

05-04-2023 10:42

پەرەگراف

پارتی جەخت دەكاتەوە كە لەگەڵ یەكێتی لەسەر كۆی ئەو خاڵانەی كە پێویستن بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ڕێككەوتوون و خاڵێكی ئەوتۆ نەماوە كە لەسەری ناكۆك بن.

ئەمڕۆ هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی و پارتی بە بەشداریی نوێنەری یۆنامی سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن كۆبووەنەوە، بابەتی كورسیی پێكهاتەكان پرسی گەرمی كۆبوونەوەكە بووە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، وتی "ئێمە هەردوو لامان هاوڕاین لەسەر ئەوەی كە پێكهاتەكان مافی خۆیانە ڕا و سەرنجیان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن هەبێت، لە ماوەی ڕابردوودا كۆبوونەوەیەك لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرا و پارتی و یەكێتی و گۆڕان گوێیان لە سەرنجی پێكهاتەكان گرت، ئەمڕۆ لەم كۆبوونەوەیەدا قسەوباس لەسەر سەرنجەكانیان كرا".

سەرۆكی فراكسۆنی پارتی وتیشی "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا نوێنەری یۆنامی بەشدار بوو، بڕیارە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا سەرنجی خۆیان دەربارەی كورسیی كۆتاكان بدەنە پارتی و یەكێتی".

زانا مەلا خالید ئاماژەی بەوەش كرد كە "پێشنیارەكەی یۆنامی لەبەرچاو دەگیرێت، بەڵام بڕیار نابێت بەسەر پارتی و یەكێتییەوە كە جێبەجێی بكەن".

سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە كەی یاسای هەڵبژاردن هەموار دەكرێتەوە؟ زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتی "هەر ئەو ڕۆژە كە بڕیارمان دا بە یەكەوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەینەوە و كۆمیسیۆن كارا بكەینەوە، هەر ئەو ڕۆژە ڕێككەوتبووین، بەڵام ماوەتەوە وردەكاریی هەمواركردنەوەی یاساكە".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش جەختی كردەوە كە "گرفتی سیاسی نەماوە و تەنیا داڕشتنەوەی یاسایی ئەو خاڵانە ماوە كە بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە لەسەری ڕێككەوتووین".

سەبارەت بە ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتی "یەكێتی و پارتی و حیزبەكانی تریش هاوڕاین ئەم كۆمیسیۆنەی كە هەیە كارا بكرێتەوە و هەر حیزبێكیش بیەوێت نوێنەرەكەی خۆی بگۆڕێت، دەتوانێت سی ڤی پێشكەش بكات".