یەكێتی هەڵوێستی توندی دژی ڕاكان جبووری ڕاگەیاند و هەڕەشەی دەنگنەدان بە پڕۆژەیاسای بوودجە دەكات

05-04-2023 11:43

پەرەگراف

یەكێتی هەڵوێستی توندی دژی ڕاكان جبووری، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركووك ڕاگەیاند و دەڵێت "دەنگ بە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢٣ نادەین، ئەگەر پێداچوونەوە بە پڕۆژەكانی كەركووكدا نەكرێت".

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەكی ئاراستەی ڕایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە تێیدا دەڵێت "پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك پۆست و دەسەڵاتەكانی بۆ بەرژەوەندیی خۆی و لەو ناوچانە بەكار دەهێنێت كە جێی نفوزی خۆی و حیزبەكەیەتی".

فراكسیۆنەكە پاڵپشت بە ڕاپۆرتی دیوانی چاودیری دارایی دەڵێت "لە پارێزگای كەركووك میكانیزمێكی ڕوون و شەفاف نییە بۆ دابەشكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەسەر ناوچەكاندا".

دەقی بەیاننامەی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق:

بۆ ڕایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان

ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، ڕایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار دەكەینەوە كە بەپێی بەدواداچوونەكانمان و پاڵپشت بە ڕاپۆرتی دیوانی چاودیری دارایی، لە پارێزگای كەركوك میكانیزمێكی ڕوون و شەفاف نییە بۆ دابەشكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەسەر ناوچەكاندا، لە كاتێكدا بەپێی ڕێنمایی جێبەجێكردنی یاسای پاڵپشتی ئاسایشی خۆراك دەبێت پارێزگار پشت بە ژمارەی دانیشتوان و پلانی بەرپرسانی ئیداریی ناوچەكان ببەستێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك پابەند نییە بە دابەشكردنی پڕۆژەكان بەپێی ئەو یاسایە.

ئەوەش سەرپێچییەكی زەقی یاسایەو بە گەندەڵی لە قەڵەمی دەدەین و ڕایدەگەیەنین كە پارێزگار پۆست و دەسەڵاتەكانی بۆ بەرژەوەندیی خۆی و لەو ناوچانە بەكاردەهێنێت كە جێی نفوزی خۆی و حیزبەكەیەتی، لە هەمانكاتدا پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك سەرپێچییەكی دیكە دەكات بەوەی لەسەدا ١٥ی بودجەی پارێزگا بۆ پڕۆژەی ستراتیژی تەرخان دەكات بەبێ ئەوەی هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی هەبێت و لە یاسای پاڵپشتی ئاسایشی خۆراك باسی ئەو ڕێژەیە كرابێت و ئەو بە خواستی خۆی ئەو بڕەی تەرخان كردووەو جێبەجێی دەكات.

داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراق بەدواداچوونی جددی بۆ ئەم سەرپێچیی و گەندەڵییانەی پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك بكات، ئێمە ڕێگە نادەین پارێزگار بەردەوام بێت لەو كارە نایاسییانەی و دەنگ بە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ نادەین ئەگەر پێداچوونەوە بە پڕۆژەكانی كەركوك نەكرێت و پارێزگار نابێت بە تەنها پڕۆژەكانی پارێزگاكە لە بەرژەوەندیی خۆی بەكاربهێنێت، هاوكات لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش لەم بابەتە ئاگادار دەكەینەوە.

هەروەها داوادەكەین لایەنە پەیوەندیدارەكان بە تایبەت دیوانی چاودێری دارایی كارو ڕاپۆرتەكانیان چڕتربكەنەوەو ڕۆڵی زیاتر ببینن لە كاتێكدا ئەنجومەنی پارێزگا نەماوە وەك لایەنی چاودێر بەسەر كارەكانی پارێزگارەوە.

خەڵكی خۆشەویستی كەركوك دڵنیا دەكەینەوە، بەردەوام دەبین لە هەنگاوەكانمان بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو دۆخەی بەسەر پارێزگاكەدا هێنراوە، ئەو ناهاوسەنگیی و ناعەدالەتییە قبووڵناكەین كە بەچاوی خۆمان دەیبینین و ناوچە كوردییەكان بەتایبەت ناحیەكانی قەرەھەنجیر و شوان و ئەو ناوچانەیشی دانیشتوانەكەی تێكەڵن لە كوردو عەرەب و توركمان بێخزمەتگوزارییان پێوەدیارە بەراورد بە ناوچە عەرەب نشینەكان، ئەوەش ئەنجامی كارو سیاسەتی چەوت و نایاسایی و گەندەڵیی پارێزگاری سەپێندراوی شارەكەیە.

فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەم ڕاگەیەندراوەو بەڵگەكان ئاڕاستەی ئەم لایەنانەی خوارەوە دەكرێن:
1- بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراق.
2- بەڕێز لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق.
3- بەڕێز داواكاری گشتی لە پێناو گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بۆ بەرگریكردن لە مافی گشتی.