پارێزگاری سلێمانی داوا لە توركیا دەكات پێداچونەوە بە بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانی دا بکات

06-04-2023 05:44

پەرەگراف

پارێزگاری سلێمانی داوا لە توركیا دەكات پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیدا بكات سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانی دا.

"دەتوانم دڵنیاییتان پێبدەم كە سلێمانی‌و فڕۆكەخانەكەی ئارامن" ھەڤاڵ ئەبوبەکر وادەڵێت، ئەوەش دەخاتەڕوو، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان لەئارادان.

لە ٣ی ئەم مانگەوە ئاسمانی تورکیا بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە یان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، بڕیارەکەی تورکیا تا ٣-٧-٢٠٢٣یەو دواتر هەڵسەنگاندنی نوێ دەکەن بەپێی پێشهاتە نوێیەکان بڕیاری دیکە دەدەن.

دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هۆکاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاشکرا کردو دەڵێت: بۆ ماوەی ٣ مانگەو بەهۆی چالاکییەکانی پەکەکەوەیە.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، "لە چوارچێوەی هەوڵەكانی رووبەرووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە".

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووەو دزەیان کردووەتەناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لەئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".