كەشناسی هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلێكی چەند ڕۆژیی لێزمەباران و هەورەتریشقە

06-04-2023 06:27

پەرەگراف

كەشناسیی هەرێم هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلێكی چەند ڕۆژیی لێزمەباران و هەورەتریشقە كە پێشبینیش دەكرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.

بەڕێوەبەرایەتیی گشیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی دەڵێت "لە ماوەی نێوان ڕۆژانی دووشەممە تا ڕۆژی هەینیی هەفتەی داهاتوو، شەپۆلێكی بارانبارین ڕوو لە ناوچەكەمان دەكات بارانبارین سەرجەم ناوچە جیاجیاكان دەگرێتەوە".

ڕۆژی دووشەممە سەرەتا بارانی كەم لە ناوچەی جیا جیا دەبارێت، بەڵام ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە شەپۆلی بارانبارین بەهێز دەبێت.

كەشناسی دەڵێت "بەگوێرەی نەخشەكانی بارانی پێشبینیكراو لەسەر ناوچەكەمان، ئەو دوو ڕۆژە ئاستی دابارین بە شێوەی لێزمەباران و هەورەتریشقە دەبێت، هەندێ كات بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویشی بەدوادا دێت".

ئەم شەپۆلە لە ئەنجامی یەكگرتنی هەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و توركیا ڕوو لە هەرێم دەكات و دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما.

بەڕێوەبەرایەتیی گشیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی دەڵێت "لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاریگەریی ئەم شەپۆڵە، زانیاریی زیاتر بڵاو دەكەینەوە".