نێچیرڤان بارزانی: پێشتریش ئێمە ئامادەبووین بۆ ڕێككەوتن بەڵام حكومەتی بەغداد ئامادە نەبوو

07-04-2023 05:07

پەرەگراف

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغداد زۆر گرنگەو لە ڕۆژی یەکەمەوە جەختیان کردووەتەوە کە دەبێت چارەسەرێکی عێراقییانە ھەبێت بۆ کێشەکانی نێوان ھەردوولا.

نێچیرڤان بارزانی بە ڕۆژنامەنووسانی وت، پێشتریش ئامادەبوون بۆ رێككەوتن، بەڵام حكومەت لە بەغداد ئامادەنەبووە، "بەخۆشحاڵییەوە ئەمجارەیان حكومەت لە بەغداد ئامادەبوو بۆ رێككەوتن، هیوادارین ئەم رێككەوتنە بەزوترین كات بكەوێتە بواری جێبەجێكردن".

دەربارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆكی هەرێم ھیوای خواست لەکاتی خۆیدا بکرێت و وتی "كات بۆ هەڵبژاردنەكە لەبەردەستدایە، هەڵبژاردن مەسەلەیەكی یاسایی و ئیعتبارییە بۆ هەرێمی كوردستان‌و دەبێت بكرێت".

نێچیرڤان بارزانی وتیشی، ١٨-١١ی ئەمساڵ کە دیاریکراوە بۆ ھەڵبژاردنەکە بە وەرگرتنی ڕای لایەنە سیاسییەکان بووە.

سەرۆکی ھەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ھەردووکیان داوایانكردووە تیمی یەكێتی بگەڕێنەوە بۆ ناوئەنجومەنی وەزیران و بە گفتوگۆ لەناو حکومەتدا کێشەکان چارەسەر بکەن.