مەسرور بارزانی: ئەمریکا پەیامی پیرۆزبایی و پشتیوانیی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ بەغداد پێگەیاندین

07-04-2023 07:36
دیدارێکی پێشتری مەسرور بارزانی و باربارا لیف لە ھەولێر.

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، ئەمریکا پەیامی پیرۆزبایی و پشتیوانیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان ھەرێم و بەغدادی پێگەیاندو بە "سەرکەوتن بۆ هەموو عێراق" لە قەڵەمی دەدات.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بڵاویکردەوە، ئەو پەیامەی ئەمریکا ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بووە لەگەڵ باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

"لە پەیوەندییەکەدا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پیرۆزبایی لێکردین بە بۆنەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی و پشتیوانی ئەمریکای بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە دەربڕی و گوتی ئەمە سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

دەشڵێت "سوپاسی پشتیوانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکامان کرد و ئاماژەمان بەوەدا، ئەو پێشکەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی هاتوونەتە ئاراوە، بنەمای سەردەمێکی نوێی هەماهەنگی درێژخایەن لە نێوان هەولێر و بەغدا دادەنێت".

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئەوەش دەخاتەڕوو، لە پەیوەندییەکەدا، باسیان لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان و چەند بابەتێکیجێی بایەخی هاوبەش کردووە.