حکومەتی ھەرێم: رەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حزبی کاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕوکەخانەی سلێمانیدا دابخرێت

07-04-2023 09:03

پەرەگراف

وتەبێژی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند "رەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حزبی لە سنووری سلێمانی کاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕوکەخانەی سلێمانی دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت".

دەقی روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

نیگەرانیی خۆمان بەرامبەر بە پەلاماردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەردەبڕین. ئەم دۆخە ترسناکە لە ئەنجامی داگیرکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بەکارهێنانیان بو کاری نایاسایی هاتۆتە ئاراوە.

رەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حزبی لە سنووری سلێمانی کاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕوکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت، لە ئەنجامیشدا هاووڵاتییانمان لەو دەڤەرە باجی هەڵەکانیان بدەن.

‏‎پێویستە کوتایی بەم کارە ناڕەوایانە بێت و دەسەڵاتی حکومەت بگەڕێتەوە و حوکمڕانییەکی شایستە، کە شایانی خەڵکی سلێمانی بێت و لەخزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکانیدا بێت، جێگیر بکرێت و کۆتاییش بەو دۆخە ئاڵۆزەی ئەو دەڤەرە بێت و ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکیسەربەرزی سلێمانی دەستەبەر بکرێت.