یەكێتی دەربارەی هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانى: ڕووڕەشی بۆ دوژمنانی كورد و دەستوپێوەند و چاوساغەكانیان

08-04-2023 01:26

پەرەگراف

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بە "پیلان بۆ داڕێژراوی هەواڵگریی و سیخوڕییانەی دەرەكی و ناوخۆیی ناو دەبات و دەڵێت "وەكوو چاوساغیی هێنانی لەشكری داگیركەرە بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان".

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بە هێرشەكە، دەڵێت "چاوەڕێ‌ بووین لایەنی پەیوەندیدار لەبری پاساو هێنانەوە و ڕەوایەتیدانی كوێرانە بەم تاوانە، ڕێوشوێن و بەدواداچوون و سەركۆنەی بكردایە، بەڵام وەك پیشەی ڕابردوییان كەمینیەكی خۆسەپێنی نێو پارتی، دەبنە چاوساغ و دام و دەزگاكانی حكومەت بۆ كاری هەواڵگری دەوڵەتان و تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی بەكار دەهێنن".

دەقی بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی:

هێرش كردنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، پیلانێكی پێشوەختە بۆ داڕێژراوی موخابەراتی و جاسوسییانەی دەرەكی و ناوخۆییە، كە هەر وەكوو چاوساغیی هێنانی لەشكری داگیركەرە بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان. بۆیە ئەم پەلاماردانە بە توندی ئیدانە دەكەین. چاوەرێ‌ بووین لایەنی پەیوەندیدار لەبری پاساو هێنانەوە و ڕەوایەتیدانی كوێرانە بەم تاوانە، ڕێوشوێن و بەدواداچوون و سەركۆنەی بكردایە، بەڵام وەك پیشەی ڕابردوییان، كەمینیەكی خۆسەپێنی نێو پارتی، كە پەیوەندیی ژێربەژێر و تایبەتیان هەیە، دەبنە چاوساغ و دام و دەزگاكانی حكومەت بۆ كاری هەواڵگری دەوڵەتان و تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی بەكاردێنن.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە بڕوای بە یەكێتی و یەكڕیزیی خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بووە، هەروەكوو ئامانجی بووە لەسەر ئاستی بەشەكانی تری كوردستانیش هاوكاری و هەماهەنگی و پەیوەندیی دۆستانە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان هەبێت، هەروەكوو دەستدرێژی و هێرشكردنە سەر هەر ناوچە و پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان بە تاوان دەزانێت و سەركۆنەی دەكات، چونكە لە چوارچێوەی دیدی نەتەوەییانەی خۆی، هەموو هەرێمی كوردستان بە پیرۆز دەبینێت و لەم پێناوەدا خەباتی نەپساوەی كردووە و خوێنی ڕشتووە.

ڕووڕەشی بۆ دوژمنانی كورد و دەستوپێوەند و چاوساغەكانیان

مەكتەبی سیاسیى یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان