شاندی باڵای عێراق لە سلێمانییە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەو یەکێتی دەڵێت: پێشبینیکراو بوو

08-04-2023 05:34
گەیشتنی وەفدەکەی عێراق بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی.

پەرەگراف

یەکێتی دەڵێت دوای داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی پێشبینی ‘ڕووداوی نەخوازراوی دیکە’یان کردووەو حکومەتی عێراقیش لەوە ئاگاداری کردوونەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ شاندی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گەیشتنە سلێمانی بۆ بەدواداچوون لێکۆڵینەوە لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی سەر فڕۆکەخانە کە تێیدا مەزڵوم کۆبانێ کرایە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی زیانی گیانیی بەدواوە نەبوو، سەردانی شاندەکە لەسەر داوای یەکێتی بووە.

شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند "دوای داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی پێشبینی هەندێک ڕێکاری دیکەی نابەجێمان دەکردو حکومەتی عێراقیش ئاگاداری کردبووینەوە لەوەی ڕەنگە شتی دیکە ڕووبدات".

"داوامان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد لیژنەیەکی ئەمنیی باڵا بنێرێت بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو بوختانانەی لەبارەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەگوترێت تا ڕوونکردنەوە بدەنە سەرۆکوەزیران لەسەر ئەو ڕووداوە نەخوازراوەی دوێنێ ڕوویدا" شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ وای وت.