ھەسەدە بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە لەکاتی ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی مەزڵوم عەبدی لەوێ بووە

08-04-2023 06:14
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی ھەسەدە.

پەرەگراف

وتەبێژی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بە فەرمیی پشتڕاستی کردەوە کە دوێنێ لەکاتی ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دا مەزڵوم عەبدی لەوێ بووە.

فەرھاد شامی وتەبێژی ھەسەدە لە تویتێکدا دەڵێت، لە پێناو سەلامەتیی مەزڵوم عەبدی، سەرەتا زانیارییەكانیان سنوردار کردووەو مەزڵوم عەبدی سەلامەتەو گەیشتووەتەوە رۆژئاوای كوردستان.

وتەبێژەکەی ھەسەدە دەشڵێت، لە كاتێكی نزیكدا وردەكاریی لەبارەی هێرشەكە بڵاودەکەنەوە.

ھەر ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بە توندی سەركۆنەی بەئامانجگرتنی فرۆكەخانەی سلێمانیکرد "لەلایەن توركیاوە"، وتی "ئەم پێشێلكارییانە لە عێراق و سوریا بەردەوامن و ڕەهەندی مەترسیداریان دژی ناوچەكە هەیە".

فەرماندەی گشتی ھەسەدە لە تویتێکدا دەشڵێت "هەڵوێستی نەتەوەییانەی یەكێتیی نیشتمانی بۆ پشتگیری لە براكانی لە سوریا، توركیای نیگەران كردووە. لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ براكانمان و هاوپەیمانەكانمان لە سلێمانی بەردەوام دەبین، ئێمە لە یەك بەرەداین دژی ئەم پێشێلكارییانە".

ھەرچەندە مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەو لە سلێمانی بووبێت و کرابێتە ئامانجی ئەو ھێرشە، بەڵام دوێنێ پەرەگرافلەسەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ئەوەی بڵاوکردەوە کە ئامانجی ھێرشەکە ئەو بووەو "پەیامێکی ھۆشداریی بووە". پاشان ڕۆژنامەی ۆڵستریت جۆرناڵی ئەمەریکی و چەند میدیایەکی دیکە ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ئامانجی ھێرشەکە مەزڵوم عەبدی بووە.

ھاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیدا کاروانێک کراوەتە ئامانج، بەڵام زیانی گیانیی نەبووە.

جۆی بوچینۆ، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا وتی "سێ ئەمریکی لەگەڵ ئەو کاروانەدا بوون کە لە سلێمانی کرانە ئامانجی هێرشەکە، بەڵام هیچ کەسێک بریندار نەبووە".

ھێرشەکە کاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان لێکەوتەوەو یەکێتی لەلایەک و پارتی و حکومەتی ھەرێم لە لاکەی دیکە ھێرشی تووندوشەڕی ڕاگەیاندنیان بۆسەر یەکتریی دەستپێکردو چەندین تۆمەتیان ئاڕاستەی یەک کرد.