بافڵ تاڵەبانی: هەرگیز چاوەڕێ نەبووین دەزگا ئەمنییەکانی ناوخۆ جێبەجێکەری پلانەکانی بێگانەبن

08-04-2023 07:23
پێشوازیی بافڵ تاڵەبانی لە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق

‏‎پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، لە ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی چاوەڕێی کۆدەنگیی کورد و لایەنە سیاسییەکانیان دەکرد لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا، "بەڵام هەرگیز چاوەڕێ نەبووین دەزگا ئەمنییەکانی ناوخۆ جێبەجێکەری پلانەکانی بێگانە بن".

ئەو وتانەی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ وەفدی باڵای عیراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق.

لە کۆبوونەوەکەیاندا دوایین پەرەسەندە ئەمنییەکان و هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوتوێکراون و جەخت لە پاراستنی سەروەریی خاک و وڵات و یەکخستنی هەوڵەکان کراوەتەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی وڵات و دووبارەنەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە.

بافڵ تاڵەبانی داوایکردووە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنە راسپێردراوەکە راستی و هۆکارەکانی پشت هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ رایگشتی ئاشکرا بکەن.

"نابێت رێگە بە کەسانێک بدرێت چاوساغی بۆ بێگانە بکەن و ئاسایشی نەتەوەییمان بخەنەژێر مەترسییەوە" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت، دەشڵێت "رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی مایەی قبووڵکردن نییە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باجی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دەدات".

بەپێی ڕاگەیەندراوی بافڵ تاڵەبانی، لەبەرامبەردا قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق ئاماژەی بە ئارامی و هێمنی دۆخی سلێمانی کرد و رایگەیاند "بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەم رووداوە نەخوازراوە دەکەین و بەهەموو شێوەیەک دژی کردەی تاوانکاری بەرامبەرخاک و گەلەکەمان دەوەستینەوە".‏‎