پارتی بۆ یەكێتی: باری سلێمانی و خەڵكەكەی لەبەرچاو بگرن و بەردی لە خۆتان گەورەتر هەڵمەگرن

09-04-2023 01:14

پەرەگراف

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی وەڵامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەداتەوە و سەبارەت بە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بە یەكێتی دەڵێت "باری سلێمانی و خەڵكەكەی لەبەرچاو بگرن و چیتر بەردی لە خۆتان گەورەتر هەڵمەگرن".

لە بەرانبەر ئەوەی كە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كەمینەیەكی ناو پارتیی تۆمەتبار كردووە بە "چاوساغی كردن و بەكارهێنانی دام و دەزگاكانی حكومەت بۆ كاری هەواڵگری دەوڵەتان"، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دەڵێت "ئەو دەستەواژەیە لەناو پارتیماندا بوونی نەبووە و ناشبێت، بەڵام ناحەقیان ناگرین چونكە لە چاو و حاڵی خۆیانەوە سەیر دەكەن".

دەقی ڕوونكردنەوەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:

درەنگانی شەوی ڕابردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی سەبارەت بە ڕووداوەكەی ئێوارەی ڕێكەوتی ٧ـی ٤ـی ٢٠٢٣ی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڵاوكردۆتەوە، كە بەداخەوە وەكو پیشەی هەمیشەییان وانە و عیبرەتیان لە مێژوو و بەكارهێنانی دەستەواژەكان وەرنەگرتووە و، گوایە ئەوەی ڕوویداوە بەهاوكاری كەمایەتییەكی ناو سەركردایەتیی پارتی بووە!، ئەو دەستەواژەیەی، كە لەناو پارتیماندا بوونی نەبووە و ناشبێت، بەڵام ناحەقیان ناگرین چونكە لە چاو و حاڵی خۆیانەوە سەیر دەكەن و خەڵك دەبینن!، حەقیانە چونكە جاران كەمایەتییەك لەناو یەكێتی هەبوو، بەڵام ئێستا لە كەمایەتییەوە بووە بە یەك كەس، نەك دوو كەسیش!

باشترە ئەو عەقڵیەتەی بڵاوكراوەكەیانی داڕشتووە زوو بەخۆیدا بچێتەوە نەك درەنگ، سەیرێكی دەڤەری سلێمانی، كە خۆیان پێی دەڵێن زۆنی سەوز و نەشیانتوانیوە سەوزی بكەن و، هەروەها ئاوڕێك لە كردەوەكانی خۆیان بدەنەوە و لۆژیكیانە باری سلێمانی و خەڵكە ئازیزەكەی لەبەرچاو بگرن و چیتر بەردی لەخۆیان گەورەتر هەڵنەگرن و باجەكەش خەڵكی ئەو دەڤەرە ئازیزە بیدات، ڕاشكاوانە دان بنێن بە هۆكارەكانی ئەو ڕەوشە نالەبارەی بەسەر خۆیان و دەڤەری سلێمانی و بە سەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا هێناویانە و، چیتر خۆڵ نەكەنە چاوی خۆیان و كادیر و جەماوەرەكەیان.

هەر كردەوەیەكی پێشێلكاری و بەزاندنی سەروەریی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا شەرعیەكان شەرمەزار دەكەین و، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی وڵات و هاووڵاتیانی كوردستان بە ئەركی لەپێشینەمان دەزانین، قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمانە و نابێت هیچ كەس و لایەنێك ڕێگا بەخۆی بدات سەروەری و شەرعیەتی دامەزراوەكانی لاواز بكات و هەرێمی كوردستان بخاتە بەردەم مەترسییەوە.

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٨ـی ٤ـی ٢٠٢٣