مەزڵووم عەبدی: توركیا سێ‌ ئامانجی لە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەبوو، شكستی هێنا

09-04-2023 03:54

پەرەگراف

فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات باس لە شكستهێنانی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر كاراونەكەیان لە سلێمانی دەكات و دەڵێت "توركیا دەیەوێت شكست بە شەڕی دژی داعش بهێنێت و بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان سەغڵەت بووە".

مەزڵووم عەبدی لە وتارێكی ڤیدیۆییدا وردەكاریی هێرشەكە دەخاتە ڕوو و لە سەرەتادا دەڵێت "دوای كۆتاییهاتنی گفتوگۆكانمان لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە شەڕی دژی داعش لە سلێمانی، پاشنیوەڕۆ لەكاتی گەڕانەوەی كاروانەكەمان كە ئێمە و هاوبەشە ئەمریكییەكانمان و هێزی دژەتیرۆریشی تێدا بوو، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا هێرشێكی ئەنجام دا، بەڵام هێرشەكەیان بێ ئەنجام بوو و شكستی هێن".

لەبارەی ئامانجی پشت هێرشەكە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە پێی وایە ئامانجی سەرەكیی توركیا شكستهێنان بە هێرشەكانی سەر داعشە و دەڵێت "دەوڵەتی توركیا بەم هێرشانە دەیەوێت ئەم شەڕە هاوبەشە كە ئێمە لەگەڵ هاوبەشەكانمان دەیكەین، چ هاوبەشە هەرێمییەكانمان، هێزە كوردستانییەكان، دەوڵەتی عێراق بێت، یانیش هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانمان بێت، دەیەوێت شكست بەم تێكۆشانە بهێنێت. دەوڵەتی توركیا بەو شەڕەی ئێمە لەگەڵ هاوبەشەكانمان بەیەكەوە لە دژی داعش دەیكەین، ڕازی نییە".

هەروەها مەزڵووم عەبدی ئامانجێكی دیكەی هێرشەكە بۆ "سەغڵەتبوونی توركیا" بە پەیوەندییەكان لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "هەر شتێك كە لە دەستی بێت، دەیكات بۆ ئەوەی گورز لەم پەیوەندییانە بدات و نەیهێڵێت".

مەزڵووم عەبدی، هەڵبژاردنەكانی توركیا بە ئامانجێكی سەرەكیی دیكەی ئەم هێرشە دەزانێت و دەڵێت "ئەردۆغان بۆ ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدان سەربكەوێت، هەموو شتێك دەكات، بۆیە هەوڵ دەدات لەسەر حیسابی خوێنی كورد سەركەوتنێكی ئاسان بەدەست بهێنێت".

فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) جەخت دەكاتەوە كە "توركیا و حكومەتەكەی ئەردۆغان هیچ كام لە ئامانجەكانیان نەپێكا"، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە "ئەم هێرشە دەنگدانەوەی زۆر و ناڕازیبوونێكی گەورە لە دژی هەبوو".

"ئەمە جاری یەكەم نییە توركیا ئێمە دەكاتە ئامانج، كۆتا جاریش نابێت. بۆیە بە گەلەكەمان و دۆستەكانمان دەڵێین: تێكۆشانمان بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی شۆڕشی ڕۆژئاوا (باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) ڕژدتر دەبێت، هەرگیز هێرشی لەم جۆرە ئاستەنگ بۆ تێكۆشانمان دروست ناكات. هەڵوێستی ئێمە بۆ یەكڕیزیی هێزە كوردستانییەكان و یەكێتیی گەلی كوردستان، بەشێوەیەكی ڕژدتر بەرەوپێشەوە دەچێت"، مەزڵووم عەبدی وا دەڵێت.