پارێزگاری سلێمانی بۆ ژووی زێڕی ئامەد: فڕۆكەخانەی سلێمانی نەكرێتەوە، دەبێت بە كەروبار بێین بۆ كۆنفرانسەكەتان

09-04-2023 05:17
هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی و محەمەد یوكسەل، سەرۆكی ژووری زێڕی ئامەد

پەرەگراف

پارێزگاری سلێمانی لە وەڵامی بانگهێشتنامەی سەرۆكی ژووی زێڕی ئامەد بۆ بەشداری لە كۆنفرانسێكیان لە باكووری كوردستان، بە توانج و پێكەنینەوە دەڵێت "ئەگەر فڕۆكەخانەی سلێمانی نەكرێتەوە، دەبێت بە كەروبار بێین بۆ كۆنفرانسەكەتان".

ئەمڕۆ پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگا پێشوازیی لە محەمەد یوكسەل، سەرۆكی ژووری زێڕی ئامەد كردووە و كۆبوونەتەوە، هەروەها سەرۆك و نوێنەرانی سەندیكای زێڕینگەرانی كوردستان و هەولێر و سلێمانی، سەرۆك و ئەندامانی سەندیكای كاسبكاران و پیشەوەرانی كوردستان و سلێمانی لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون.

هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، دەڵێت "لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەسەر كاری هاوبەش و كۆنگرەی ئامەد و پەیوەندییە بازرگانی و پیشەییەكان لەم بوارەدا كرا".

دواتر لە كاتی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، سەرۆكی ژووری زێڕی ئامەد بانگهێشتنامەیەكی ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی كرد بۆ بەشداری لە كۆنفرانسێكیان لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان.

پارێزگاری سلێمانیش وتی "دەبێت هەوڵێك بدەن كە دەوڵەتی توركیای هاوسێمان گەشتەكانی بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیی نێودەوڵەتیدا بكاتەوە، ئێوە خۆتان لە سلێمانین و سلێمانی و فڕۆكەخانەكەی ئارامن".

هەڤاڵ ئەبووبەكر بە توانج و پێكەنینەوە بە شاندەكەی توركیای وت "چونكە ئەگەر ئەو فڕۆكەخانەیە نەكرێتەوە، ئێمە دەبێت بە كەروبار بێین بۆ كۆنفرانسەكەتان، بۆیە هیوادارم ئێوەش بەشێك بن لە چارەسەر".