نەوەی نوێ داوا لە سودانی دەکات ڕێژەیەک لە بودجەی هەرێم تەرخان بکرێت بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە

10-04-2023 02:17

پەرەگراف

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق داوا لە محەمەد  شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، ڕێژەیەک لە بودجەی هەرێم تەرخان بکرێت بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆران.

لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی سودانی کراوەو وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ داوا دەکات کە سەرۆکوەزیران بڕگەیەک بۆ پڕۆژەی یاسای بودجەی گشتی عێراق و بەشە بودجەی هەرێم زیاد بکات، بەشێوەیەک مانگانە بڕێک پارە کە لەسەدا ١٠ کەمتر نەبێت بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی کوردستان بگێڕدرێتەوە تا ئەوکاتەی تەوای مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان بۆ دەگێڕدرێتەوە.

ئەو داواکارییەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەکاتێکدایە کە لەئێستادا بودجەی گشتی عێراق لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، تیایدا بەشە بودجەی هەرێم بە ڕێژەی لەسەدا 12.67 دیاریکراوە.

ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو حکومەتی عێراق ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و٢٠٢٥ بە فەرمی ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەران کردو پاشان ئاڕاستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان کرا.

پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی بودجەکەدا بە لە سەدا ١٢.٦ جێگیر کراوە ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد.

دوو ڕۆژ دوای ڕەوانەکردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەکەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، میکانیزم و ڕێکاری پێویست دادەنێن بۆ ئەوەی بڕگەکانی ئەم یاسایە لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ بکرێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، جەختی لەوە کردەوە کە هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبووە، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەش، هەماهەنگیی و لەیەکتێگەیشن لە نێوان هەردوولادا هەبێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات ئەم پڕۆژە یاسایە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت تاکو هەرچی زووە، بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.