نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆپەکەی هەڵدایەوە گۆڕەپانی پارتی و یەکێتی

10-04-2023 03:07

پەرەگراف

نوێنەری نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق(یۆنامی) وەڵامی پارتی و یەکێتی دایەوە لەسەر خاڵی ناکۆکی نێوان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە کورسیی پێکهاتەکانە، یۆنامی خۆی نەکردووە بە لایەنگر لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا.

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی بە پەرەگرافی وت، یۆنامی لە وەڵامەکەیدا داوای کردووە پارتی و کێتی خۆیان ڕێککەون لەسەر ئەوەی دەنگدان بۆ کورسیی پێکهاتەکان بە یەک بازنە بێت یاخود کورسیی پێکهاتەکان دابەشی سەر بازنەکانی هەڵبژاردن بکرێن.

ئەو دوو بژاردەیە جیاوازیی نێوان پارتی و یەکێتییە، پارتی داوای یەک بازنەیی و یەکێتی داوای فرەبازنەیی بۆ پێکهاتەکان دەکات، نوێنەری یۆنامیش کە لە دواین کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بەشداربوو، تۆپەکەی خستووەتەوە گۆڕەپانی ئەو دوو حیزبە تا خۆیان لەسەری ڕێککەون.

ئەو دوو حیزبە لەسەر زۆر پرسی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ڕێککەوتوون و ناکۆکیی سەرەکییان ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکانە.

پێشتر سەرچاوەیەک لە مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی بە پەرەگرافی وت، "ئێمە سوورین لەسەرئەوەی میکانیزمێک دیاری بکرێت کاندیدی پێکهاتەکان نوێنەرایەتی هەقیقی پێکهاتەکان بکەن نەک داردەستی حیزبەکان بن وەک ئەوەی لە ڕابردوودا سەرجەم ١١ پەرلەمانتارەکەی پێکهاتەکان سەربە پارتی بوون".

سەرچاوەکەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی وتیشی "دەبێت کورسیی پێکهاتەکان دابەشی سەر بازنەکانی هەڵبژاردن بکرێت و پێکهاتەکان میکانیزمی جیاوازی دەنگدانیان هەبێت".

ئەوە لەکاتێکدایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووەو داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە هاوکارو هەماهەنگ بن بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لەو وادەیەدا.

سەرباری فشارە ناوخۆییەکان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا کە هەرێمی کوردستان بە هاوپەیمان و دۆست لە قەڵەمیان دەدات، فشار دەکەن و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن لە وادەی خۆیدا.

سەرۆکایەتی هەرێم داوای لە پەرلەمانی کوردستان کردووە ڕێوشوێنە یاساییەکانی تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن تەواو بکات، هەروەها داوا لە حیزبەکان دەکات ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و بەرژەوەندیی خەڵک بخەنەسەرووی بەرژەوەندیی حیزب، لە پێناو بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە کاتی دیاریکراودا.

نێچیرڤان بارزانی ساڵی ڕابردوو ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە پڕۆسەکە ئەنجام نەدراو پەرلەمان بەبێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە بە ئامانجی ئەوەی تا کۆتایی ٢٠٢٣ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.