ئەردۆغان قومار لەسەر بردنەوەی ئەستەنبوڵ و پشتیوانیی كورد دەكات

07-05-2019 08:17
ستراتیژەكەی هەدەپە سەركەوتوو بوو لە خستنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكەی 31ی ئاداری ئەمساڵ.


پەرەگراف- قەیدار ڕەحیم

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی توركیا بڕیاری دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵی داو كاندیدی براوەی جەهەپە دوای چەند ڕۆژێك دەستبەكاربوون لە پۆستەكە لادرا، ئەوەش دوای پێنج هەفتە تێپەڕبوونە بەسەر لەدەستدانی ئەستەنبوڵ لەلایەن پارتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و بردنەوەی لایەنی ئۆپۆزسیۆن.

هەر لەهەمان ڕۆژی بڕیاری دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵ، دوای چوار ساڵ بۆ یەكەمجار ئەردۆغان ڕێگەی خۆش كرد بۆ بڵاوبوونەوەی پەیامێكی ڕێبەری زیندانییكراوی پەكەكە عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ڕای گشتی.

بەپێی شیكردنەوەیەكی دامەزراوەی بەرگریكردن لە دیموكراسی، ئەم دوو هەنگاوە پێكەوە پیشانی دەدات كە ئەردۆغان نیازی بردنەوەی ئەستەنبوڵی هەیە لەڕێگەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ كوردانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو شارە كە هۆكاری سەرەكیی بوون بۆئەوەی ئەردۆغان ئەستەنبوڵ لەدەست بدات.

لە هەڵبژاردنەكەی 31ی ئاداری ئەمساڵ، ئاكپارتی بۆ یەكەمجار لە ماوەی بیست و پێنج ساڵدا ڕووبەڕووی لەدەستدانی ئەستەنبوڵ بوویەوە. ئەردۆغان لەسەرەتادا ئەم ئەنجامەی قبوڵ كرد و ڕێگەی دا سەرۆك شارەوانیی هەڵبژێردراو دەست بەكاربێت. بەڵام هاوپەیمانە ناسیۆنالیستەكانی ئەردۆغان و بازرگانە نزیكەكانی كە لەسەر ئەستەنبوڵ دەژین خەریكی لۆبی كردن بوون بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكان. كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، كە زۆرینەیان پشتیوانی ئەردۆغانن، دواجار بڕیاری دا سەرلەنوێ هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێتەوە لەمانگی حوزەیراندا.

جەهەپە دژی ئەو بڕیارەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن وەستاوەتەوەو ناڕازییە، ئاكەپەش داوادەكات ڕێز لە بڕیارەكە بگیرێت.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا، پارتەكەی ئەردۆغانە، لەكۆی شەش شاری گەورە، پێنج شاریانی بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دۆڕاند، ئەوە گەورەترین پاشەكشەی ئەو پارتەیە لەماوەی 17 ساڵی ڕابردوو كە دەسەڵاتی توركیای بەدەستەوەیە.

لەو هەڵبژاردنانەدا گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لەگەڵ پارتی ئیی هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێنا تا پێكەوە ڕووبەڕووی هەژموونی ئاكەپە ببنەوە، هەرچەندە هەدەپە بە فەرمی نەچووە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە، بەڵام ستراتیژێكی پەیڕەوكرد كە لەبەرژەوەندی هاوپەیمانێتییەكەی دژ بە ئەردۆغان بوو، ئەوەش كشانەوەی كاندیدەكانی بوو لەو شارە گەورانە لەناویاندا ئەستەنبوڵ، ئەوەش بۆ پشتیوانیی كاندیدەكەی جەهەپە.

هاوكات لەگەڵ بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵ، ئەردۆغان ڕێی خۆش كرد بۆ ڕێبەری پەكەكە عەبدوڵا ئۆجەلان كە یەكەم بەیاننامەی خۆی لە چوار ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕای گشتی بڵاو بكاتەوە.

توركیا لە ساڵی 2011وە ڕێگری كردووە لەوەی ئۆجەلان تەنانەت پارێزەرەكانی خۆیشی ببینێت و هەروەها لە دوای سەرهەڵدانەوەی گرژییەكان و جەنگ لە نێوان پەكەكە و سوپای توركیا لە ساڵی 2015وە ڕێگەنەراوە پەرلەمانتارە كوردەكان سەردانی ئۆجەلان بكەن.

پەیامەكەی ئۆجەلان دوای ئەوەهات نزیكەی سێ هەزار زیندانیی لە توركیا كە لە نێویاندا ئەندام پەرلەمانیش هەیە، لە نۆڤەمبەری 2018وە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە وەك ناڕەزاییەك دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان. لەم مانگەدا زۆربەی مانگرتووان لە لێواری مەرگدا بوون.

بەپێی دامەزراوەی بەرگریكردن لە دیموكراسی، ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە پاڵنەری لە پێشینەی ئەردۆغان بۆ ڕێگەدان بە بڵاوبوونەوەی پەیامەكەی ئۆجەلان بەرگرتن بووە لە مەرگی ئەو مانگرتووانە، هەر بۆیە ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا بە ئاشكرا داوا دەكات زیندانییان كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بهێنن.

بڵاوبوونەوەی پەیامەكەی ئۆجەلان هاوكاتە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی ئەستەنبوڵ كە ئەمەش بۆ خۆی پەیامێكی گشتگیرە لە ئەردۆغانەوە بۆ كورد.

"پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) ڕۆڵێكی یەكلاییكەرەوەی بینی لە یارمەتیدانی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بۆ تۆماكردنی سەركەوتن بەسەر پارتەكەی ئەردۆغاندا لە هەڵبژاردنەكانی 31ی ئازار بە تایبەتی لە ئەستەنبوڵ كە نیشتمانی چەندین ملیۆن كوردە. ئەردۆغان لە هەوڵی ساردكردنەوەی دەنگدەرانی كوردە لە پشتیوانیكردنی كاندیدی جەهەپە. هەربۆیە ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا جەختی كردووەتەوە لەسەر دانوستانی دیموكراسیانە بە گەرمووگوڕی لەگەڵ دەوڵەتی توركیا، ئەمەش داوایەكە بۆ زیاتر مامەڵەكردن و نزیكبوونەوە لە ئەردۆغان" شیكردنەوەكەی دامەزراوەی بەرگریكردن لە دیموكراسی وادەڵێت.

دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراسی خانەیەكی فیكریی و لێكۆڵینەوەی سیاسییە لە ساڵی 2001 دامەزراوە و بنكەی سەرەكی لە واشنتۆنە، ئامانجی سەرەكی دامەزراوەكە لێكۆڵینەوەیە لە ئاسایشی نیشتمانی‌و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان.

ئەوەی جێی سەرنجە پەیامەكەی ئەردۆغان تەنها باسی كوردانی توركیا لە خۆ ناگرێت، بەڵكو كوردانی سوریاش دەگرێتەوە كە هەژموونیان هەیە بەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كە هاوپەیمانی ئەمەریكایە لە شەڕی دژی داعش لە سوریا.

یەپەگە كە پێكهێنەری سەرەكیی هەسەدەیە، پەیڕەوی ئایدۆلۆژیای پەكەكە دەكات و ئۆجەلان بە سەركردەی ڕۆحیی خۆی دەزانێت، ئەوەش هۆكارێكی سەرەكیی بوو تا توركیا شەڕ لە دژیان ڕابگەیەنێت لە ساڵی 2016وە.

لەگەڵ چڕبوونەوەی دانوستانەكان بۆ یەكلاكردنەوەی بارگرژی و ناكۆییەكانی نێوان هەسەدە و توركیا، ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا داوا لە كوردانی سوریا دەكات حەساسییەتەكانی توركیا لەبەرچاو بگرن‌و تەئكید لە چارەسەری ئاشتییانەو یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكات.

بڕیاری سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی ئەستەنبوڵ چەندین ملیۆن تورك و كوردی هیوابڕاو كردووە كە پێیان وابوو هەڵبژاردنەكانی 31ی ئادار هەلێك بووە بۆ "پێچەوانەكردنەوەی ڕەوتی پاشەكەشەی دیموكراسی لە توركیا".

لە شیكردنەوەكەی دامەزراوەی بەرگریكردن لە دیموكراسی هاتووە"بەم بڕیارە ئەردۆغان پەیامی ئۆجەلانی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی دیموكراسیانە بچوك كردووەتەوە بۆ تاكتیكێكی هەڵبژاردن. لە كۆتاییدا لەوانەیە كارێزماكەی توركیا(ئەردۆغان) ڕەنگە دیسانەوە ئەستەنبوڵ لەدەست بداتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەلێكی تر بێت بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ كورد لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات".

هەرلە چوارچێوەی ڕووكردنە كورد لەلایەن ئەردۆغانەوە، دەزگای هەواڵگریی توركیا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان‌و مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هەسەدە كۆبووەتەوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە دۆسیەی كورد لە حكومەتی توركیا، ئەوەدەخاتەڕوو، سەردانكردنی ئۆجەلان‌و مەزڵوم كۆبانێ، پەیوەندی بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەستەنبوڵەوە نییە، "كوردەكان هەر پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆن دەكەن لە هەموو هەڵبژاردنێكی ئەستەنبوڵدا".