چاوشئۆغڵو: پەكەكە لە سلێمانی بە تەواوەتی پارتەكەی تاڵەبانیی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە
پەرەگراف
وەزیری دەرەوەی توركیا، دەڵێت "پەكەكە لە سلێمانی پارتەكەی تاڵەبانیی بە تەواوەتی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە و هەموو شتێكی كۆنترۆڵ كردووە، هەر بۆیە كایەی ئاسمانیمان بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخست". چاوشئۆغڵو، یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "هێلیكۆپتەری لە فەڕەنسا وەرگرتووە و بۆ یەپەگەی تەرخان كردووە".
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە بەرنامەیەكی تەلەڤیزیۆنی (ئا هابەر)دا لە وەڵامی پەیوەست بەو هێلیكۆپتەرەی لە سنووری پارێزگای دهۆك كەوتە خوارەوە، وتی "بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان كەوتوون، ئەو هێلیكۆپتەرانەی بەكار هێنراون، هی ئیدارەی سلێمانی، یان ڕاستتر بڵێین، هی پارتەكەی تاڵەبانی و ئیدارەی سلێمانین".
"پارتەكەی تاڵەبانی ئەم هێلیكۆپتەرانە لە فەڕەنسا وەردەگرێت و بۆ ئەو تیرۆریستانە (مەبەست لێی یەپەگە و هێزەكانی سووریای دیموكراتە)ی تەرخان دەكات. كایەی ئاسمانیی لەژێر كۆنترۆڵی ئەمریكادایە، بۆیە ئەمریكا ئاگاداری ئەم گەشتانەیە"، چاوشئۆغلوو وا دەڵێت.
وەزیری دەرەوەی توركیا باسی لە دوو ئیدارەییش لەناو حكومەتی هەرێمدا كردووە و دەڵێت "لەنێو حكوومەتی هەرێمدا، هەولێر هەیە و سلێمانی هەیە، ململانێی زۆر جددیی هەیە، گرژیی تا ئاستی جددیش ڕوو دەدەن. ئێمە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیان ناكەین، بەڵام ئەو گرژییانە كاریگەریی نەرێنی لەسەر هەمووان دەبێت".
مەولوود چاوشئۆغڵو كە وڵاتەكەی پەكەكە و یەپەگە و هێزەكانی سووریای دیموكرات وەكوو یەك تەماشا دەكات و بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، جەختی لەوە كردووەتەوە كە فڕۆكەخانەی مەدەنیی سلێمانی لەلایەن پەكەكەوە بەكار دەهێنرێت و دەڵێت "تا ئەو شوێنە دزەی كردووە".
"پەكەكە لە سلێمانی هەموو كەس و بە تایبەت پارتەكەی تاڵەبانی بە تەواوەتی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە. ئیتر نەك تەنها پارتەكە و ئیدارە، بەڵكو دزەیان كردووەتە نێو فڕۆكەخانە و شوێنە ستراتیجییەكانی دیكەش و بەردەوامن. نەیانتوانی بچنە ناو هەولێرەوە، بۆیە بەردەوام شێوازی جیاواز دەگرنەبەر لەپێناو لاوازكردنی هەولێر"، چاوشئۆغلو وا دەڵێت.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی چۆن وەڵامی توركیایان داوەتەوە؟ وەزیری دەرەوی توركیا دەڵێت "ئەوان هەمیشە ڕەتی دەكەنەوە، بەڵام لەنێو پارتەكەدا وەكوو پێشتریش باسمان كردبوو، ئەو كەسانەی لەگەڵیان دانیشتووین، دەڵێن ئیتر پەكەكە بە تەواوی كۆنترۆڵی پارتەكەی كردووە".
چاوشئۆغلو جەختیشی كردەوە كە ئۆپەراسیۆنەكانیان دژی پەكەكە لە "باكووری عێراق و سووریا" بەردەوام دەبن و وتی "پەكەكە/یەپەگە لە هەر شوێنێك بن دەیانكەینە ئامانج".