وردەكاریی پێشبینییە كەشناسییەكان بۆ ئەو شەپۆلی بارانەی كە ئێوارەی ئەمڕۆ دەست پێ دەكات
پەرەگراف
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ١١ی نیسانی ٢٠٢٣، لە ئەنجامی درێژبوونەوەی كاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، شەپۆلی بارانبارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات و بەو هۆیەوەش هەرێمی كوردستان بە كەشێكی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت.
كەشناسی دەڵێت "لە ئێوارەدا بارانبارین دەست پێ دەكات، لە شەودا بۆ بارانی مامناوەند دەگۆڕێت و لە ڕۆژی چوارشەممە بۆ تاوەبارانی بەردەوام و بەهێز و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە سەرجەم ناوچە جیاجیاكانی هەرێم دەگۆڕێت".
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، بارانبارین هەر بەردەوام دەبێت و كاریگەریی ئەو شەپۆلە بۆ ڕۆژی پێنجشەممە (١٣ی نیسانی ٢٠٢٣) درێژ دەبێتەوە، كە "بارانی مامناوەند و لێزمەباران" دەبێت.
كاریگەریی ئەم شەپۆلە تا ڕۆژی هەینی (14ی نیسانی ٢٠٢٤) بەردەوام دەبێت بە لاوازی و تەنیا لە ناوچە شاخاوییەكان دەمێنێتەوە.
كەشناسیی هەرێم دەڵێت "لەباری زیادبوونی خێرایی باوە، هەندێ كات لە كاتی بارانبارین خێراییی با زیاد دەكات بۆ سەرووی 40 كم لە كاتژمێرێكدا، ئەگەری هەورەتریشقەشی لەگەڵدایە".
لەو ماوەیەدا، پلەكانی گەرما بە نزیكەی 8 بۆ 10 پلەی سیلیزی دادەبەزن، ڕۆژی پێنجشەممە نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما زیاتر دەبێت، بۆیە ئەگەری بارینی تەرزە دەبێت.
ئاستی بارانی پێشبینیكراو لە سەرجەمی ناوچەكان لە ماوەی ئەم شەپۆلەدا، لە سەرووی 60 ملم دەبێت، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمیش زیاتر دەبێت.
* ھۆشداریی لە دروستبوونی لافاو دەدرێ و بەرگری شارستانی ھەشت داواکاریی لە خەڵک ھەیە