لافاو و کۆبوونەوەی ئاو ھاتووچۆ لە چەند شەقامێکی سەرەکی سلێمانی پەکدەخەن

12-04-2023 11:22
کۆبوونەوەی ئاو بەھۆی بارانبارینی ئەمشەو لە شەقامی شەست مەتریی سلێمانی.

پەرەگراف

ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە بەردەوامەو لافاو لە چەند ناوچەیەک ھەڵساوە، ئەمشەو لە ناو سلێمانی لە شەقامی 60 مەتری و چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو و کۆبوونەوەی ئاو ئاستەنگی ھاتوچۆیان دروست کرد.

تەکسییەک لەبەردەم فامیلی مۆڵ لە سلێمانی لە ناو ئاودا گیری خوارد و تیمەکانی فریاگوزاری بە شۆفڵ ڕای دەکێشن.

ھەربەھۆی لافاوەوە لە چەند ناوچەیەک پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیەندرا لەوانەش لە ئیدارەی سۆران و قەزای چەمچەماڵ.

کەشناسیی هەرێم دەڵێت "کاریگەریی بارانی بەلێزمە لە کاتژمێرەکانی داهاتوو بەردەوام دەبێ، بە تایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم، دەڤەری پشدەر، باکووری شاری کەرکووک، پاشان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، هەروەها  زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای هەڵەبجە و گەرمیان دەگرێتەوە بەتایبەتی لە کاتەکانی درەنگانی شەودا".