بارانی بەخوڕ ئاستی ئاوی بەرزکردەوە؛ لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان زیاتر لە چوار ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە

13-04-2023 01:32
ئەم شەپۆلی بارانە ٥٠ سانتیمەتر ئاوی بەنداوی دەربەندیخانی زیاد کرد.

پەرەگراف

لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا بارانبارینێکی بەخوڕ بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوەو ئاستی ئاوی زۆربەی بەنداوەکان بەرزبوونەوە، بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی میدیاو زانیاریی "تەنیا لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان زیاتر لە چوار ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە".

بەنداوی دێوانە لە گەرمیان، یەکێکە لەو بەنداوانەی کە ساڵی ڕابردوو کارەکانی دروستکردنی تەواو کرا و ئەمساڵ ئاوی تێدا گلدرایەوە، ماوەی مانگێکە سەرڕێژ بووە و بەڕێوەبەری بەنداوەکە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدراوەتەوە.

هەر لە گەرمیان ئەمساڵ کارەکانی دروستکردنی بەنداوی تووڕەجار تەواوکرا و توانرا ئاوی تێدا گلبدرێتەوە، بەهۆی ئەو بارانبارینەشی کە ناوچەکەی گرتبووەوە بە ماوەیەکی کەم سەرڕێژ بوو، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری دروستکردنی بەنداوەکە قسەی کرد و گوتی: کۆی گشتیی ئاوی گلدراوە ملیۆنێک و ٧٥٠ هەزار مەتر سێجایە.

هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕایگەیاند، دوای ئەو بارانبارینە بەخوڕەی ناوچەکەی گرتەوە، ٥٠ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەرزبووەتەوە و بەمەش ئاوی گلدراوە بووەتە ملیارێک و ٤٩٤ ملیۆن مەتر سێجا و کۆی گشتی ئاوی دەریاچەکەش ٥٠٪ـیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە بارانبارینێکی بەلێزمە کە هەورەتریشقە و تەرزەشی لەگەڵدایە، ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش "بارانبارین بەردەوام دەبێت"، بەمەش ئاوی زیاتر لە بەنداوەکان گلدەدرێنەوە و دەبێتە هەنگاوێکی گرنگیش بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی.

بەنداوی خنس لە دهۆک، یەکێکە لەو بەنداوانەی کە ئەمساڵ کارەکانی نۆژەنکردنەوەی کۆتایی هاتن و توانرا ئاوی تێدا گلبدرێتەوە و دوێنێ بۆ یەکەمجار بەنداوەکە سەڕێژ بوو، بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە، ئێستا ٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.

هەر لە دهۆک، بەنداوی کەشکان و بەنداوی دهۆک دوو لەو بەنداوانەن کە ئاویان تێدا گلدراوەتەوە و سەرەڕای ئەو بارانبارینەی کە ڕووی لە ناوچەكه‌ کرد، بەڵام سەرڕێژ نەبوونە و بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، ڕێژەی کۆکراوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەکە ٢١ ملیۆن و ٩٦٧ هەزار مەتر سێجایە،  "هیوادارم بتوانین زۆرترین ڕێژەی ئاو گلبدەینەوە بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی سوودی لێ وەربگرین".

ئەمە جگە لەوەی کە ڕێژەی کۆکراوەی ئاو لە دەریاچەی دووکان بووەتە ٣٨.٣٪ و تەنیا لەماوەی ٢٤ کاتژمێرى ڕابردوودا، ٢٥ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بەرزبووەتەوە، بەرێوەبەری بەنداوەکە دەڵێت: ئێستا دوو ملیار و ٦٨٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.

هەرێمی کوردستان، خاوەنی چەندین پڕۆژەی گلدانەوەی ئاوە، پۆند و بەنداوەکان یەکێکن لەو پڕۆژانەی کە ئاوێکی زۆر گلدەدەنەوە و هۆکارێکن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشکەساڵی و زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی.