بەنزینی 690 دیناری بەنزینخانە ئەهلییەكان ناچار دەكات نرخ دابەزێنن

13-04-2023 03:49

پەرەگراف

دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناریی عێراقی، خواستی لەسەر بەنزینی بەنزینخانە ئەهلییەكان كەم كردووەتەوە، بەو هۆیەوە بەنزینخانە ئەهلییەكانی سلێمانی نرخی بەنزین و گاز و غازی LPG دادەبەزنن.

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی، ڕایگەیاند "كاتژمێر 4:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ 13-4-2023، نرخی هەرسێ جۆرەكەی بەنزین و غازی LPG یەكی 25 دینار و گاز 50 دینار دادەبەزن".

بەو جۆرەش بڕی لیترێك بەنزینی سوپەر لە 1250 دینارەوە دەبێت بە 1225 دینار، لیترێك بەنزینی موحەسەن لە 1100 دینارەوە دەبێت بە 1075 دینار، لیترێك بەنزینی نورماڵ لە 900 دینار دەبێت بە 875 دینار.

هەروەها نرخی لیترێك گاز لە 850 دینارەوە دەبێت بە 800 دینار و لیترێك غازی LPGیش لە 550 دینارەوە دەبێت بە 525.

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە "بەهۆی زۆربوونی بەنزینی عێراقیی 690 دیناری و بەنزینی 800 دیناری، خواست لەسەر بەنزینی ئەهلی كەمی كردووە، بەم دابەزینەش هەوڵ دەدەین خواست لەسەر بەنزینی ئەهلی زیاد بكەینەوە".

ماوەیەك دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناریی عێراقی بەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەتدا دەستی پێ‌ كردووەتەوە و شۆفێران دەڵێن "جۆری بەنزیكە باشە و نرخەكەشی گونجاوە، هەروەها لە كاتی دابەشكردنی قەرەباڵخیی زۆر لە بەنزینخانەكان دروست نابێت"، بۆیە لە ئێستادا بەنزین لە بەنزینخانە ئەهلییەكان ناكڕن و ئەو بەنزینە بەكار دەهێنن.