وەزارەتی دارایی: بەهۆی فێڵ و خۆدزینەوە لە باج، زیاتر لە ١١ هەزار كۆمپانیا و باجدەر سزا دراون

13-04-2023 05:02

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم دەڵێت "بەهۆی فێڵ كردن و خۆدزینەوە لە باج، زیاتر لە ١١ هەزار كۆمپانیا و باجدەر سزا دراون". بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان دەڵێت "ئەو شوێنانەی سزا دراون، فێڵیان لە حكومەت كردووە و خۆیان لە باجدان دزیوەتەوە".

وەزارەتی دارایی بڵاوی كردووەتەوە "بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی باجەكان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، لە ماوەی چوار ساڵدا ١١ هەزار و ٥٩٤ كۆمپانیا و باجدەر بەهۆی فێڵ كردن و خۆدزینەوە لە باج سزا دراون و ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی كراونەتەوە".

دكتۆر كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕایگەیاندووە "ئەو كۆمپانیا و شوێن و باجدەرانەی سزا دراون، لە ژمێرەی ساڵانەیان فێڵیان لە حكومەت كردووە و خۆیان لە باجدان دزیوەتەوە، لە كاتێكدا بەپێی یاسا پێویست بووە باج بدەنە حكومەت".

بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان ئاماژەی بەوە كردووە كە "ئەوانەی سزا دراون، ئەو شوێن و كەسانەی نەگرتووەتەوە كە داهاتیان نزمە و كار و پیشەكەیان سنووردارە".

هەر بەپێی ئامارەكان، لەو ماوەیەدا ٧٤٧ شوێن داخراون و ١٠٣ باجدەر ئاڕاستەی دادگا كراون بە هۆی ساختەكاری و سەرپێچی یاسایی لە باجداندا و قەدەغەی گەشتكردن لەسەر ٧٢ باجدەر دانراوە.

لە بەشێكی ئامارەكەدا هاتووە "بەهۆی پێشكەش نەكردنی میزانییە لە ماوەی یاساییدا، ٢٢٤٤ سزای دارایی دراون و ٧١٣٥ نامەی ئاگاداركردنەوە ئاڕاستەی باجدەران كراوە و ١٢٦٣ كۆمپانیا و باجدەریش بەهۆی قەرزاریی باجەوە نیشانەی گلدانەوە لەسەر دۆسیەكانیان دانراوە".