سەدر ڕەوتەکەیی بۆ ماوەی ساڵێک سڕ کرد

14-04-2023 09:08

پەرەگراف

موقتەدا سەدر سڕکردنى رەوتەکەیی بۆ ماوەى ساڵێک راگەیاند و تا "کاتێکى نادیار" هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر داخست.

سەدر سڕکردنی ڕەوتەکەیی بۆ ھەبوونی گەندەڵیی و پێویستیی چاکسازیی گەڕاندووەتەوەو دەڵێت "چاکسازبم بۆ عێراق و نەتوانم رەوتى سەدر چاک بکەم، ئەوە تاوان".

دوای ئەو بڕیارە رێبەرى رەوتى سەدر هەژمارى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر تا کاتێکى نادیار داخست.

بڕیارەکەی سەدر سڕکردنى سەرجەم چالاکییەکانی رەوتەکەی دەگرێتەوە جگە لە نوێژى هەینى و دوو دامەزراوەى ئایینى رەوتەکەى. هاوکاتمەزارى محەمەد سادق سەدرى باوکى تاوەکو دواى جەژنى رەمەزان داخست.

موقتەدا سەدر دەشڵێت، ئەگەر بەردەوام بێت لە سەرۆکایەتیى رەوتى سەدر و "ئەهلى قەزیە" و "خراپەکار" و "تاوانکار"ى تێدابێت، ئەوە دژ بە یەکە.

بەر لەو بڕیارەی سەدر، ساڵح محەمەد عێراقى کە بە وەزیرى سەدر ناسراوە ڕایگەیاند "خەڵوەت لە مزگەوتى کوفە هەڵوەشێندرایەوە، بەهۆى مامەڵەى خراپەکار و ئەوانەى ناوى خۆیان ناوە ئەهلى قەزیە".

ئەوەش بە ھۆکاری سەرەکیی بڕیارەکەی سەدر لەقەڵەم دەدرێت، لەبەرئەوەی "ئەهلى قەزیە" گرووپێکى نزیک لە رەوتى سەدرن و بانگەشەى ئەوەیان کردووە کە هاوکات لەگەڵ خەڵوەتگرتن لە مزگەوتى کوفە لە ١٠ ڕۆژی کۆتایی ڕەمەزاندا، ئیمامى مەهدى دەردەکەوێت کە 12هەمینئیمامی شیعەکانە، کە مەبەستیان موقتەدا سەدرە. ئەوەش سەدری توڕە کردووەو دژی وەستایەوە.

هەرچەندە سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ بوو، بەڵام ئەو هاوپەیمانییەی لەگەڵ پارتی و سوننەکان پێکیهێنا نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت، بەوهۆیەوە سەدر لە پەرلەمان و دواجار لە پڕۆسەی سیاسی کشایەوەو هەرلەسەرەتاوە دەرگای بەڕووی بەشێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داخستووەو تا ئێستا سوورە لەسەر نەکردنەوەی ئەو دەرگایەو دووکەوتنەوەی لەپرۆسەی سیاسی.