لە ھەولێر پارێزەرێک ڕفێندرا؛ سەری تاشراو بە تووندی ئەشکەنجە درا

15-04-2023 11:50
وێنەی پارێزەرەکە دوای تاشینی سەری و ئەشکەنجەدانی.

پەرەگراف

پارێزەرێک لە شارى هەولێر لەلایەن چەند کەسێکی چەکدارەوە ڕفێندرا، پاش ئەشکەنجەدانێکی تووندو تاشینی سەری، لە بەردەم ماڵەکەى خۆیدا فڕێدراوەو ھەڕەشەی ڕفاندنی ژن و منداڵەکانی لێ کراوە.

پارێزەرەکە هۆکارى روداوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کاری لەسەر دۆسیەیەکی جیابونەوەى دوو هاوسەر کردووە. بە وتەى براى پارێزەرەکە "لایەنى دوەمى دۆسیەکە کە پیاوەکەیە، بە تەلەفۆن پارێزەرەکە بانگهێشتى شوێنێک دەکات و کاتێک پارێزەرەکە دەگاتە شوێنەکە، لەلایەن چوار چەکدارەوە لێیدەدرێت و بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک ئەشکەنجە دەدرێت".

ئەو پارێزەرە بە ڕۆژنامەنووسانی وت "ئەشکەنجەیەکى زۆریاندام و هەمو جلەکانمیان کرد بە خوێن دواتر سەریان تاشیم و تەواوى ئەشکەنجەو سەرتاشینەکانیشیان بە ڤیدیۆ تۆمار کرد".

وتیشى "پێش ئەوەى بەرم بدەن هەڕەشەى زۆر قورسیان لێکردم و پێیان وتم ژن و منداڵەکانت دەڕفێنین و ئەو هەڕەشانەى دەیانکرد زۆر لەکوشتن گەورەتر بوو".

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانە ماوەى دوو ساڵە هەڕەشەى لێدەکەن، داوایشی کرد یاسا سەروەر بێت و لایەنەپەیوەندیدارەکان لەسەر دۆسیەکەی بێنە دەنگ.